هه‌ولێر و به‌غدا له رێككه‌وتن نزیكن
به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست كه‌وتووه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندنی باڵای حكوومه‌تی عێراقی له هه‌ولێر، بۆ گفتوگۆكردن بووه له‌باره‌ی نووسینه‌وه‌ی ره‌شنووسێكی هاوبه‌شی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و زانیویه‌تی هه‌ردوولا نزیكن له گه‌یشتن به‌رێككه‌وتن.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه له كه‌شێكی ئه‌رێنیدا به‌ڕێوه‌چوو، زانیوویه‌تی كه گفتوگۆ له‌باره‌ی سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كراون، كه ئه‌وانیش بریتی بوون له مه‌له‌فی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها مه‌له‌فی نه‌وت و غاز و كێشه داراییه‌كان.
له‌درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا رێككه‌وتن كه لێژنه هونه‌رییه‌كان درێژه به گفتوگۆكانیان بده‌ن و به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، بگه‌نه چاره‌سه‌رێكی كۆتایی بۆ سه‌رجه‌م پرسه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێكهاتبوو له قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و شاندی باڵای حكوومه‌تی عێراقیش پێكهاتبوون له فوئاد حوسێن وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران، سامر غەزبان وەزیری نەوت و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ کاروباری وزە، فالح فەیاز راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و محه‌مه‌د ئەلهاشمی، بەڕێوبەری نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دێت، کە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێککەوتبوون چه‌ند لێژنەیه‌ك بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەست بە گفتوگۆ بکەن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان ، بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو، لێژنه ته‌كنیكییه‌كانی وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان له به‌غدا كۆببنه‌وه و گفتوگۆ له باره‌ی هه‌ر سێ پرسی ناوچه كوردستانییه‌كان، نه‌وت و غاز، كێشه داراییه‌كان بكه‌ن.
k24 -
