نووری حەمەعەلی: ئەو هێرشانەی سەر كەركووك دەستی ناحەزان و كەمتەرخەمیی بەرپرسانی عێراقی تێدایه‌‌

	 نووری حەمەعەلی: ئەو هێرشانەی سەر كەركووك دەستی ناحەزان و كەمتەرخەمیی بەرپرسانی عێراقی تێدایه‌‌
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كەركووك - پردێ رایگەیاند، عێراق و هاوپەیمانانیان ئاگادار كردووەتەوە ئەگەر چارەسەرێك بۆ دۆخی كەركووك نەدۆزرێتەوە، مەترسیی جددی لەسەر پارێزگاكە هەیە و پێویستە رێگە نەدرێت كەركووك وەكو مووسڵی لێ بێت.

نووری حەمەعەلی، گوتی: "ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر كەركووك، دەستی ناحەزانی ئەو میلـلەتەی تێدایە و كەمتەرخەمیی بەرپرسانی حكوومەتی عێراقیش هۆكارێكە و ئێمە ماوەیەك پێش ئێستا فەرماندەی هێزەكانی عێراق لە كەركووك و هەر دوێنێش هاوپەیمانانمان ئاگادار كردەوە، كە ئەگەر چارەسەرێكی دۆخەكە نەكرێت، شانە ‌نوستووەكانی داعش دەكەونەوە گەڕ، چونكە مەترسییەكی گەورە لەسەر كەركووك هەیە، لەبەر ئەوەی پێشتریش كاری پارتیزانییان دەكرد و دواتریش سەنگەریان دروست كرد و ئێستاش رێگری نەكرێت، هەمان كار دەكەنەوە".

حەمەعەلی گوتیشی: "بە هاوپەیمانانمان راگەیاند، كە رێگە نەدرێت كەركووك وەكو مووسڵی لێ بێت و كەركووك تەحەممولی ئەو كارە ناكات و با هەمووان پێكەوە چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی كەركووك و كەركووكییەكان بە ئارامی بژین".

ئەو فەرماندەیە دەشڵێ، ئێستا شاندێكی عێراق لە هەرێمی كوردستانە، كە گفتوگۆ لەبارەی دۆخی كەركووكیشەوە دەكرێت و پێویستە دۆخی كەركووك لە رێگەی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە چارەسەر بكرێت.

لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەك لە ئاسایشی كەركووك، گوتی، شەوی ڕابردوو لە گوندی دارا، داعش پێنج گولـلە هاوەنی ئاراستەی گوندەكە كردووە و یەكێك كەوتووەتە ناو ماڵێك و چوار كەس بریندار بوونە و تاوەكو گەیندراونەتە نەخۆشخانە، ئافرەتێك گیانی لە دەست داوە.

دەشڵێ، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، چەندین هێز لە باشووری عێراق هێندراونەتە شارەكە و هیچ هەماهەنگیان نییە و گوێشیان لە خەڵك نییە و نایانپارێزن، بۆیە دۆخی ئەمنیی شارەكە تێك چووە و داعش سەری هەڵداوەتەوە، بێگومان فرەهێزییش لە كەركووك دەبێتە هۆی ئەوەی بەردەوام رووداوی لەو جۆرە دروست بن و خەڵكی سڤیلیش ببنە قوربانی.

kdp -
Top