ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. لە یەک مانگدا ٧٢ هاووڵاتیی کورد دەستگیر کراون

ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. لە یەک مانگدا ٧٢ هاووڵاتیی کورد دەستگیر کراون
لە یەک مانگی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتی کورد بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستگیر کراون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە ٨٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستگیر کراون، بەڵام هەتا ئێستا تەنیا ناسنامەی ٧٢ کەسیان بۆ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرا بووە.

لەناو ئەو کەسانەدا کە دەستگیر کراون ٤٤ کەسیان خەڵکی پارێزگای ورمێ، ١٧ کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە و ١١ کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٧١ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی و هاوکاریی حزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون و کەسێکیش کاسبکار بووە. ژنێک لەناو دەستبەسەر کراواندا هەیە.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون خەڵکی شارەکانی سایین قەڵا، مەهاباد، سەلاسی باوەجانی، ورمێ و مەریوان بوون.

هاوکات١٢ هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون کە لە ئەم ڕاپۆرتەدا باسیان نەکراوە.

ناوی تەواوی ئەو ٧٢ کەسە لە ناوەندی ئاماری هەنگاو تۆمار کراوە و ناسنامەی بەشێک لە دەستبەسەر کراوان لە شارەکانی سایین قەڵا، مەهاباد، مەریوان و سنە بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.











باسنيوز
Top