سەفار: پێویستە پێش مانگی١٠ ھەرێم و بەغدا بگەنە رێككەوتن

	 سەفار: پێویستە پێش مانگی١٠ ھەرێم و بەغدا بگەنە رێككەوتن
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتوو دەستیان پێكردووە و بۆ یەكەم جاریش سێ ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئامادەكردنی بودجەدا بەشدارن. دەشڵێ، پێویستە تاوەكو پێش مانگی١٠، ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا لەبارەی پشكی ھەرێمەوە بگەنە رێككەوتن.

د. ئەحمەد سەفار، گوتی، حكوومەتی عێراق لیژنەیەكی لەبارەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی داھاتوو پێك ھێناوە و ئەمجارە سێ پەرلەمانتاری تێدایە لە لیژنەی دارایی، كە لە پڕۆژەیاساكەدا زیاتر جەخت لەسەر وەبەرھێنان دەكرێت.

سەفار گوتیشی: "پێویستە تاوەكو پێش مانگی١٠ی ئەمساڵ پڕۆژەیاساكە بگاتە پەرلەمان، بۆیە پێویستە تا ئەو كاتە ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا لەبارەی پشكی ھەرێمی كوردستانەوە بگەنە رێككەوتن، چونكە ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، كێشەمان بۆ دروست دەبێت و زەحمەتە بتوانین وەكو ئەمساڵ تێیپەڕێنین".

بڕیاردەری لیژنەی دارایی باسی لەوەش كرد، شاندێكی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و بڕیارە لیژنەی تەكنیكی لە نێوان ھەردوو لا دروست بكرێن لەبارەی مەلەفی نەوت، داھاتی گومرگ و ئەو بەشەبودجەی كە لە ھەرێمیان بڕیوە، لەگەڵ ماددەی١٤٠ و تەواوی كێشە ھەڵواسراوەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا.


kdp -
Top