خەسرۆ گۆران: یاسای ھەڵبژاردن زیانی بۆ كورد ھەیە.. لە كەركووك رەوش ئاڵۆزە
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، راگەیاند: "زۆرێك لە بڕگە و ماددەكانی نێو یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق زیانی بۆ كورد ھەیە و پارتی لەگەڵ ئەو شێوازەدا نەبوو، یەكێك لەوانە پووچەڵكردنەوەی ئەنجوومەنی قەزا و ناحیەكان زیانی بۆ ھەموو عێراق ھەیە، لەبەر ئەوەی نەھێشتنی ئەنجوومەنی قەزا و ناحیەكان لە ناوچە كوردستانییەكان، لە بەرژەوەندیی خەڵكی ئەو ناوچانە و كورددا نییە و بە نەمانیان دەبێتە حوكمێكی مەركەزی".
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن دەشڵێت: "شێوازی دیاریكردنی كورسی دوای بەڕێوەچوونی دەنگدان لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، چونكە لە دیالە و بەغدا و سەڵاحەددین و كەركووك و چەندین پارێزگای دیكەی عێراق دەنگی خەڵكی ئێمە دەفەوتێت، ھەروەھا بڕگەیەكی دیكەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەوەیە، كە ھەر پارێزگایەك رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە بایۆمەتری نەگەیشتبێتە ٧٥% و بەشداری كردبێت، تەنیا مافی دەنگدان بە كارتی بایۆمەتری دەبێت، بەڵام ئەو پارێزگایانەی رێژەی بایۆمەترییان نەگەیشتبێتە ٧٥% ئەوە دەنگدەران بۆیان ھەیە بە كارتی دیكەش دەنگ بدەن".
گۆران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە پشتڕاستین لە پارێزگایەكی وەك مووسڵ رێژەی بەشداری ناگاتە ٧٥% لە پڕۆسەی بایۆمەتری، ئەوەش دەرفەتی ساختەكاری بۆ ھەندێ لایەنی عێراقی دەڕەخسێنێت".
پەیوەست بە كەركووكیش، خەسرۆ گۆران گوتی: "لە كەركووك رەوش ئاڵۆزە و لە بەرژەوەندیی كورددا نییە ھەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەنجوومەنی پارێزگا كارا نییە و كورد ھیچ دەسەڵاتێكی نییە، رۆژانە تەعریب بەردەوامی ھەیە و فەرمانبەرانی كورد دەردەكرێن لەسەر كارەكانیان، ئەگەر رەوشی كەركووك ئاسایی نەكرێتەوە، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەو پارێزگایە تەنیا لە بەرژەوەندیی ھەندێ لایەنی توركمان و عەرەب و حەشدی شەعبیدایە، ئێمە پێشبینی دەكەین ئەو لایەنانە بە لیستی جیاجیا بەشداری ھەڵبژاردن دەكەن تا زۆرترین دەستكەوت بەدەست بێنن".
لەبارەی بەشداریی پارتی لە كەركووك و دروستكردنی لیستی یەكگرتوو لە نێوان لایەنە كوردییەكان، گۆران دەڵێت: "ھێشتا زووە بۆ یەكلاكردنەوەی ھەندێ پرسی تایبەت بە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، ئێمە لە مانگی تەمووزین و ھەڵبژاردن لە مانگی نیسانی ساڵی دابێت بەڕێوە دەچێت، ھیچ بڕیارێك نییە چۆن بەشداری دەكەین، رەنگە بە یەك لیست بەشداری بكەین و لەوانەشە بە لیستی جیا و ئەگەری تریش ھەیە".
kdp -
