حكوومهت گرێبەستی چوار ھەزار مامۆستای نوێ كردەوە
بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، كە كۆپییەكی دەست كەوتووە، رەزامەندی لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستی چوار ھەزار مامۆستا بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩/٢٠٢٠ دراوە، كە لە ٢٢/٧/٢٠١٩ تاوەكو ٣٠/٩/٢٠٢٠ گرێبەسەتەكەیان نوێ كراوەتەوە و بەردەوام دەبێت.
لەو بارەیەوە، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئەحمەد گەرمیانی، ڕاگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە لەسەر داوای یەكێتیی مامۆستایان و گرێبەستەكان، داوایەكی لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، كە مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە ھەمیشەیی و ھەوڵی بەردەوامیش دەدرێت بۆ ئەوەی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست بكرێنە ھەمیشەیی، بەڵام لە ئێستادا گرێبەستەكەیان بۆ ساڵێكی دیكە نوێ كراوەتەوە".
گەرمیانی گوتیشی: "داواكارین لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی، كە ماوەی شەش ساڵە ئەو مامۆستایانە گرێبەستن، بكرێنە ھەمیشەیی، چونكە ئەو مامۆستایانە لە ھەموو بارودۆخێكدا لە كاری خۆیان بەردەوام بوونە و ئێستا كاتی ئەوە ھاتووە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و بكرێنە ھەمیشەیی".
kdp -
