د. كەمال: بە پێی دەستوور دەبێ له كەركووك ئاساییكردنەوە، سەرژمێری، ڕاپرسی، ئەنجام بدرێن
دووشەممەی رابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكانی پەسەند كرد، بە هۆی رەخنەش لە چەند ماددەیەكی یاساكە، فڕاكسیۆنی پارتی بایكۆتی دانیشتنەكەی كرد، دكتۆر كەمال كەركووكی، لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، بە داخەوە كە دەبوو هەموو لایەنە كوردستانییەكانی دیكەیش لەسەر ئەو پرسە بایكۆتی دانیشتنەكەیان بكردایە، بەو شێوەش نیسابی قانوونی تەواو نەدەبوو و دانیشتنەكە دوا دەخرا و بوار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پرسی كەركووك دروست دەبوو.
ناوبراو ئەوەیشی ئاشكرا كرد، كە محەمەد حەلبووسی لە نێو دانیشتنی فەرمیی ئەنجوومەنەكەدا لە كاتی خستنەدەنگدانی ماددەكەی تایبەت بە كەركووك گوتوویەتی: "دەبێ كۆمسیۆن پابەند بێ بە وردبینیی لیستی دەنگدەران، كە پسوولەی خۆراك و ناسنامەی باری كەسێتی (ھویە احوال المدنیە) دەنگدەر لە كەركووك وەك یەك بن، هاوكات ئەو ناوانە لاببرێن كە هەردووكیان وەك یەك نەبن، ئەویش لە ماوەیەكدا، كە لە ٣١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٠ تێنەپەڕێت"، بۆیەشە دكتۆر كەمال پێیوایە، بەو پێیە بێت و پابەندی یاساكە بن و هەڵبژاردن بخەنە دوای وردبینیی سجلی دەنگدەرانەوە، ئەوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دەكەوێتە ساڵی ٢٠٢١ـەوە. چونكە بڕیارە لە ١ی٤ی ٢٠٢٠ هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت، لە كاتێكدا وادەی وردبینییەكەی كەركووك كەوتووەتە كۆتایی مانگی ١٢ی ٢٠٢٠، گوتیشی: "ناكرێ وردبینییەكە بخرێتە دوای هەڵبژاردنەوە". چونكە ئەوە پێچەوانەی ھەموو بنەمایەكی یاسایی و دەستووری و مافی مرۆڤە.
كهركووكی، ئاماژە بەو هەوڵە دەكات، كە هەندێ لایەن دەیدەن، كە كەركووكیش لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا هەڵبژاردنی تێدا بكرێ و ئەو خەڵكانەشی دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر هێندراونەتە شارەكە، مافی دەنگدانیان هەبێت، كە ئەوەش پێچەوانەی یاسا و دەستوورە. بە پێی دەستوور، دەبێ لە كەركووك ئەم كارانە ئەنجام بدرێن: ١- ئاساییكردنەوە ٢- سەرژمێری ٣- ڕاپرسی. بۆیە دەبێت گشت لایەك پابەندی دەستوور بن، تا كێشەكان چارە سەر ببن، پێشتریش ھەر كێشەیەك ڕووی دابێت، ھۆیەكەی پابەندنەبوون بە دەستوورەوە بووە.
kdp -
