وەزارەتی كشتوكاڵ چه‌ند بڕیارێك ده‌رده‌كات

وەزارەتی كشتوكاڵ چه‌ند بڕیارێك ده‌رده‌كات
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڕیاری دا لێژنەیەكی تایبەت پێك بهێنێت، بەمەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

لەمیانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ڕاوێژكاریی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 23/7/2019 لە دیوانی وەزارەت بەڕێوە چوو، باس له‌وه‌ كرا، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڕیاری دا لێژنەیەكی تایبەت پێك بهێنێت، بەمەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێش داڕشتنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای فیدڕاڵی بۆ ساڵی (2020)، ئه‌مه‌ش بەمەبەستی جێگیركردنی شایستەكانی هەرێمی كوردستان لەبواری پەرەپێدانی كشتوكاڵ وهەر ئیستحقاقێكی تری یاسایی و دەستووری كە پەیوەست بێت بە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە بوودجەى ساڵى داهاتووى عێراقدا.

ئه‌وه‌ش خرایه‌ ڕوو، كه‌ بڕیاریش درا وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەست بكات بە پەیوەندی و گفتوگۆی نوێ لەگەڵ هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی حكوومەتی ناوەندی، لەپێناو چارەسەركردنی كێشە و دۆسیەكانی نێوان هەرسێ وەزارەت و دەستنیشانكردنی میكانیزمی نوێ بۆ پەیوەندییەكی پتەو و دروست لە نێوان وەزارەتەكان.

وەزارەتی كشتوكاڵیش بڕیاری دا پرۆژەیاسای نەهێشتنی زیادەڕۆیی لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان ئامادە بكات و ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستانی بكات، بەمەبەستی پەسندكردنی لەپێناو ڕاگرتنی دیاردەی زیادەڕۆیی و بەفیڕۆچوونی زەوییە كشتوكاڵییەكان.

لەمیانی كۆبوونەوەكه‌دا چەندین بڕیاری دیكە دران، لەوانەش:

- لێژنەی پلانی ستراتیژی وەزارەت ڕاسپێردرا ئامادەكاریی بكات بۆ ئه‌وه‌ى لە سەرەتای مانگی داهاتوو كۆنفرانسێكی فراوانی تایبەت بە پەرەپێدانی سێكتەری كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان ساز بكات، تا ئەو كۆنفرانسە بكرێتە بنەمای سەرەكیی داڕشتنی پلانێكی ستراتیژی بۆ كاری وەزارەت.

- لەمەودوا مانگانە بە بێ دواكەوتن كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت ئەنجام بدرێت، بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی كاروباری وەزارەتەكە و ئاستی جێبه‌جێكردنی پلانەكان و ڕاسپاردە و بڕیارەكان.

- دروستكردنی لێژنەی هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و ئەو وەزارەتانه‌ی كە دەكرێ بە هاوبەشی كار بكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی پێویستن بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاو لەهەرێمى كوردستاندا.

- ڕێكخستنەوەی بەشەكانی دیوانی وەزارەت و میلاكات ودەوامی ستافی وەزارەتەكە، لەگەڵ دەستنیشانكردنی ڕۆژانی سێشەممە بۆ دیداری هاووڵاتییان.











باسنيوز
Top