بەرپرسێکی پارتی: ناکرێت پارە بە کاش تەسلیم بە سلێمانی بکەین و نەزانین چی لێ دەکرێت

بەرپرسێکی پارتی: ناکرێت پارە بە کاش تەسلیم بە سلێمانی بکەین و نەزانین چی لێ دەکرێت
بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، ناکرێت ”پارە بە کاش تەسلیمی سلێمانی بکرێت و بڕوات“ و نەزاندرێت چی لێ دەکرێت.

عارف تەیفوور، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - هەڵەبجەی پارتی ڕای گەیاند، پلانیان هەیە ڕێکخستنەکانیان بەرەو پێش ببەن، هەرچەندە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، دۆخی پارتی ئازادییەکی ئەوتۆی تێدا نییە و سنوورەکە کێشەی زۆرە و ”تائاستێکی زۆر ئیرهابی فیکری تێدایە کە بۆ ئێمەی پارتی درووست کراوە“.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ”لە فەرمانگە حکوومییەکاندا بەهانە بە کارمەندەکان دەگرن کە ئەندام و لایەنگری پارتین و بەهانە بەو مامۆستایانە دەگرن کە لەگەڵمانن، بۆیە بڕیارمان داوە لە ئیدارەی داهاتووی سلێمانی و هەڵەبجەدا بەشداریی تەواو لە حکوومەتی خۆجێیی بکەین“.

لەبارەی خراپیی دۆخی خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی، عارف تەیفوور ڕای گەیاندووە: ”ئێمە خاوەن دەسەڵات نەبووین لە سلێمانی، بەپێچەوانەوە لەژێر ئیرهابی فکری داین، ناتوانین بڵیین فڵان شت بکەین، بۆیە دەمانەوێت لە حکوومەتی خۆجێییدا بەشداری بکەین تاوەکوو خزمەتی خەڵکی سلێمانی بکەین“.

جەختیشی کردووەتەوە کە سلێمانی پشتگوێ ناخەن و هەوڵدەدەین بە هەموو شێوەیەک هاوکاری و خزمەتگوزارییەکان بگەیەنن، هەرچەندە ئێستا ”بوارمان نییە“.

هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (هاووڵاتی)، بەرپرسەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، لە دوای ساڵی ١٩٩٧ەوە تائێستا، پارتی هەڵسوکەوتی بە پشکی بودجەی هەولێر و دهۆک کردووە و خزمەتی ئەو دوو پارێزگایەی کردووە، ئەوەی بۆی کرابێت، کردوویەتی و درێغی نەکردووە، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەی نەبووە ئەو پشکە بودجەیەی بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین دراوەتە یەکێتی، هەڵسوکەوتی پێوە بکات و بودجەکە ڕادەستی یەکێتی کراوە، ”جا باشی تێدا کردبێت یان خراپی تێدا کردبێت واقیعەکە دیارە“.

دووپاتیشی کردووەتەوە: ”ئێمە وەکوو بەرپرسانی پارتی دۆخی سلێمانی دەبینین کە لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە و بێخزمەتگوزارییە و کێشەی زۆرە، هەتا لە رووی ئەمنییەوە دۆخی باش نییە، پارتی دەبێت چیتر ئەو دوورکەوتنەوەیەی لەگەڵ سلێمانی نەمێنێت و لەگەڵیاندا بێت، تائاستی خزمەتگوزارییەکان باش بکەین وەک هەولێر و دهۆک. ناکرێت پارە بە کاش تەسلیم بکەین و بڕوات و نەزانین ئەو پارە و بودجەیە چی لێ دەکرێت. نیازمان وایە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی یەکێتی و گۆڕان، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەت بە سلێمانی بکەین“.












باسنيوز
Top