پۆلیسى سلێمانى هاووڵاتییەکیان ڕزگار کرد کە دەیویست خۆی بکوژێت

پۆلیسى سلێمانى هاووڵاتییەکیان ڕزگار کرد کە دەیویست خۆی بکوژێت
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى سلێمانى له‌ ڕاگه‌یاندراوێكى فه‌رمیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، هێزه‌كانى پۆلیس هاووڵاتییه‌كیان ڕزگار كرد، كه‌ ده‌یویست خۆى بكوژێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24/7/2019، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى سلێمانى ئاگادارییه‌كى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "ئێوارەی دوێنێ دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی پۆلیس کە هاووڵاتییەک لە ماڵەکەی‌ خۆیدا دەیەوێت کۆتایی‌ بەژیانی‌ خۆی‌ بهێنێت، دەستبەجێ هێزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕین و پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی‌ ڕووداوەکە و توانیویانە دەرگای ماڵەکە بکەنەوە و چەقۆکەی لێ بسەنن و ڕزگاری بکەن".

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، هاووڵاتییەکە ناوی (ر، ا)یه‌ و لەدایکبووی‌ 1998ه‌ و پیشەى کاسبە، بەپێی‌ وتەکانی‌ ناوبراو کێشەی‌ خێزانی‌ هەیە، بۆیە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

پۆلیسى سلێمانى ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، دوای ڕزگارکردنی لەلایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسی فریاکەوتنەوە ڕادەستی بەشی توندوتیژی کراوە و لەلایەن بنکەی‌ پۆلیسی‌ ڕاپەڕینەوە پەڕاوی‌ لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.












باسنيوز
Top