پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بە مەرج گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەكەن
لە مانگی رابردوودا هەواڵی دانووستانی نهێنی لە نێوان چوار حیزبی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژھەڵاتی كوردستان بڵاو کرایەوە. عومەری ئیلخانیزادە سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و سەرۆکی ئیستای ناوەندی هاوکاری دەڵێ، تەنیا پەیامی دانووستانیان بۆ هاتووە و ئەوانیش بۆ دانووستان مەرجیان ھەیە.
عومەری ئیلخانیزادە، رایگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا لە رێگەی لایەنی سێیەم وەك ناوبژیوان لەلایەن ئێرانەوە نامەمان بۆ ھاتووە و ئێمەش وەڵاممان داوە، مەرجمان ھەیە، بۆ ئەوەی وتوێژی جدی دەست پێبكات، مەرجەكەمان ئەوەی ئەو فشارانەی لەسەر كوردستان ھەیە نەمێنێ، پێموا نییە ھێشتا كۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتبێتە قەناعەت كە ئەوە جێبەجێ بكات، ئێمەش خەباتی خۆمان دژی رژێمی ئیسلامی ئێران بەردەوامی پێدەدەین".
حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری و یەک لەوانیش کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، هاوکات کە هەوڵی ئاشتییانە و سیاسی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان رەتناکەنەوە، دەڵێن کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی ئەوانی بە زەبروزەنگ داوەتەوە، هەر بۆیەش ئەوان دەبێ لە بواری سەربازیشەوە خۆیان بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئێران ئامادە بکەن.
K24
