كەسوكاری شەهیدانی تیرۆر 50 ملیۆن دینار و زەوی وەردەگرن
هەدار بارزانی، ئەندامی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەپێی یاسا لیژنەیەكی ناوەندی سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراق پێكهاتووە، بڕیاریش درا هەر پارێزگایەك بە هەرێمی كوردستانیشەوە لیژنەیەكی تایبەتی بۆ دابنرێت بۆ قەرەبووكردنەوە و پێدانی سولفە بە قوربانیانی دەستی تیرۆر و لیژنەیەكیش بۆ زەرەرمەندانی دەستی رژێمی بەعس پێكدێت".
پێشتر چەند لیژنە و رێكخراوێكی دیكە بۆ قەرەبووكردنەوەی زەرەرمەندانی دەستی تیرۆر دروستكرابوون، سەبارەت بەو لیژنە و رێكخراوانە ئەندامەكەی لیژنەی شەهیدان دەڵێ: "لیژنەش هەبوو كە لە ساڵی 2011ـەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیان دروستكرابوو، بەڵام هیچ كارێكیان نەكرد، هەروەها كۆمەڵێك رێكخراو بەناوی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهید و بریندارانی شەڕی تیرۆر دروستكران و پارەیان لە خەڵك وەردەگرت، بەڵام توانیمان رووبەڕوویان بینەوە و بە فەرمانی وەزاری هەموومان هەڵوەشاندنەوە".
لەبارەی ئەو لیژنە تازەیەش هەدار بارزانی دەڵێت: "لە رۆژی 4/7/2019 بڕیاری دامەزراندنی لیژنەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی زەرەرمەندانی دەستی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان درا. دادوەرێك سەرۆكایەتی لیژنەكە دەكات و نوێنەری وەزارەتەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ، كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و تەندروستی تێدایە. دەبێت لیژنەكە بەزووترین كات دەستبەكار بن. لەگەڵ دەستبەكاربوونیشیان كەسوكاری شەهیدان و ئەو كەسانەش كە بەهۆی تیرۆرەوە كەمئەندام بوون، دەتوانن لەڕێگەی ئەو لیژنەیەوە مامەڵەكانیان پێشكەش بكەن و لە قەرەبووەكە سوودمەند بن".
ئەندامەكەی لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەبارەی وردەكاریی قەرەبووەكە دەڵێ: "لە بودجەی ساڵی 2019، ماددەی (5) بڕگەی (ب / 3)، یاسای ژمارە 20 تایبەتە بە قەرەبووكردنەوەی زەرەرمەندان و بڕی 1000 ملیار دینار بۆ هەموو عێراق تەرخان كراوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە".
لە یاساكەدا پلەبەندی بۆ قەرەبووكردنەوەكە كراوە، ئەوانەی كەسوكاری شەهیدن و ئەوانەی كە بە رێژەی 75% تا 100% كەمئەندام بوون بڕی 5 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت، ئەوانەی رێژەی كەمئەندامییەكەیان 50% تا 74%ـە، بڕی 4 ملیۆن و 500 هەزار دینار وەردەگرن، ئەو كەسانەی كە رێژەی كەمئەندامییەكەیان كەمتر لە 50% بێت بڕی 2 ملیۆن و 500 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
هەروەها بەپێی یاساكە كەسوكاری شەهیدان لە وەرگرتنی پارچە زەوییەك و 50 ملیۆن دیناریش وەك سولفەی نیشتەجێبوون سوودمەند دەبن".
لەبارەی پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە قەرەبووكردنەوەی زەرەرمەندانی دەستی رژێمی بەعسیش، هەدار بارزانی گوتی: "یاسایەكی دیكەی تایبەت بە زەرەرمەندانی دەستی تیرۆر هەیە كە یاسای ژمارە 16 یە، بڕیارە لیژنەیەكیش بۆ ئەوە پێكبهێنرێت، لەگەڵ حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش قسەم كردووە و ئەویش بەم نزیكانە دروستدەكرێ".
رووداو
