لە كەلار 32 تۆن هێلكەی ئێرانی لەناو برا

لە كەلار 32 تۆن هێلكەی ئێرانی لەناو برا
سەرۆكی لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی قەزای كەلار، لەناوبردنی 32 تۆن هێلكەی ئێرانیی لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتەوە لە ماوەی سێ هەفتەدا ڕاگەیاند.



سیروان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی قەزای كەلار،ی ڕاگەیاند: "لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی قەزای كەلارەوە، لە ماوەی سێ هەفتەدا 32 تۆن هێلكەی ئێرانی لەناو براون".



گوتیشی: "دوێنێ 23/7/2019 لەلایەن لیژنەكەوە نزیكەی 15 تۆن هێلكەی ئێرانی لەناو براوە كەلە پشكنین دەرنەچوون و ڕێکەوتی دەرچوون و بەسەرچوونیان بۆ 3 مانگ بووە لە كاتێكدا دەبێ تەنیا بۆ مانگێك بێت".



ئاماژەی بەوەش دا: "بەو پێیەی سەرەتا تەنیا هاوردەكردنی هێلكەی ئێرانی قەدەغە بووە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی لە بازگەكان و فێڵكردن لە لیژنەكانی پشكنین لە سەرجەم ناوچەكان و بەو شێوەیە لە هەولێر و سلێمانییەوە هێنراونەتە سنووری گەرمیان، بۆیە هێلكەكان خراونەتە ناو كارتۆنی توركیەوە ".



ڕوونیشی كردەوە: "ڕۆژی 2/7/2019ش لەلایەن هەمان لیژنەوە بڕی 17 تۆن هێلكەی ئێرانی لەناو براون كە بریتی بووە لە یەك ملیۆن و 208 هەزار هێلكە و ئەو بازرگانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان كردووە بەنیاز بووە ڕەوانەی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی بكات".



ئاشكراشی كرد "قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكە بۆ مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە دەگەڕێتەوە و جگە لە عێراق، چەندین وڵاتی دیكەش هاوردەكردنیان قەدەغە كردووە".




باسنیوز
Top