ئەمساڵ شەش هەزار ئاوارەی عێراق ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە
ئەمڕۆ سێشەممە دەزگای خێرخوازیی بارزانی راپۆرتێكی لەبارەی چالاكییەكانی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ بڵاو كردەوە و تێیدا چەندین ئاماری لەسەر ڕێژەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و پڕۆژە خێرخوازییەكانی دەزگاكە بڵاوكردەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا نزیكەی شەش هەزار هاووڵاتی عێراق بە ئاوارەیی پەنایان هێناوەتە بەر كەمپەكانی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان.
بە گوێرەی ئامارەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕێژەی ئەو خێزانە عێراقیانەی لە ماوەی شەش مانگدا پەنایان هێناوەتە بەر هەرێمی كوردستان نزیكەی یەك هەزار و 586 خێزانن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هۆكاری بەردەوامی هاتنی ئاوارە عێراقیەكانی بۆ ناسەقامگیری ئاسایشی ناوچە جیاوازەكانی عێراق گێڕاوەتەوە.
هەر بەپێی هەمان دەزگای پێشەنگ لە كاری خێرخوازیی هەرێمی كوردستاندا، ئێستە نزیكەی یەك ملیۆن و 250 هەزار ئاوارەی عێراق لە هەرێمی كوردستان دەژین، لەگەڵ 275 هەزار كۆچبەری وڵاتانی دەوروبەر.
باسنیوز
