سەرزێڕێ.. ھەرێم و توركیا رێككەوتوون لە ئێستادا جووڵەی بازرگانی دەستی پێكردووە
عیرفان سلێمان، بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ، راگەیاند: "ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و توركیا رێككەوتوون دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ بكرێتە دەروازەیەكی بازرگانی و لە ئێستادا جووڵەی بازرگانی دەستی پێكردووە، چونكە پێشتر تەنیا بۆ مەبەستی گەشتیاری و ھاتوچۆ بەكار دەھات و تەنیا ھاووڵاتیان دەیانتوانی چەند كیلۆیەك كەلوپەل بگوازنەوە، ئێستاش دەروازەكە بازرگانییە و ھەرچەندە بزاوتی بازرگانی ھەبێت، لە نێوان ھەردوولادا ئاساییە".
بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ دەڵێت: "ئاستەنگی بەردەم دەروازەكە نەبوونی رێگایەكی نێودەوڵەتییە، بۆ ئەوەی كامیۆن و بارھەڵگران بەكاری بێنن، بەڵام توركیا لەنێو سنووری خۆی دەستی پێكردووە و بڕیارە حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە دەروازەی سەرزێڕێوە تا دەگاتە چیای مەتین بكاتە رێگایەكی نێودەوڵەتی و دەست بە پڕۆژەكە بكرێت، لە چیای مەتینیش لە رێگەی تۆنێلێكەوە رێگاكە زۆر نزیك دەبێتەوە.
عیرفان سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "بەبازرگانیكردنی دەروازەكە سوودی زۆری بۆ ھەردوولا ھەیە، چونكە جووڵەی بارزگانی لە نێوان ھەردوو وڵات بەرز دەبێتەوە و رێگایەكی نزیكیشە بۆ زۆر ناوچەی باكووری كوردستان و توركیا، ھەروەھا بۆ ئەوانیش سوودی ھەیە، چونكە ئەو پارێزگایانەی نزیكن لە سنوور دەتوانن سەرزێڕێ بەكار بێنن".
kdp -
