پۆستەی ھەرێمی کوردستان دەچێتە ناو تۆڕی پەیوەندیی جیھانی

پۆستەی ھەرێمی کوردستان دەچێتە ناو تۆڕی پەیوەندیی جیھانی
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ئاشکرای کرد دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی سیستەمی (IPS) کە بە ھۆیەوە پۆستەی ھەرێمی کوردستان دەچێتە ناو تۆڕی پەیوەندیی جیھانیەوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دوای تێکەڵبوونی عێراقی فیدراڵ بە سیستەمی IPS، ھەرێمی کوردستانیش لە رێگای سەنتەری نێودەوڵەتیی ئالوگۆڕی پۆستەوە، دوای تەواوبوونی خولی مەشق و راھێنان لەسەر سیستەمی IPS، کە بە یارمەتی راھێنەرانی پۆستەی عێراقی فیدراڵ لە ئێستەدا کردوویەتیەوە، دەبێتە بەشێک لەو سیستەمە نێودەوڵەتیەی پۆستە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە قۆناخی سەرەتادا بەکارھێنانی ئەو سیستەمە لە بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکانی پۆستەی ھەرێمی کوردستان دەخرێتەکار و دواتر ھاووڵاتیانیش دەتوانن لە وەرگرتن و ناردنی پۆستەدا سوودی لێ ببینن و خۆیان راستەوخۆ لە رێگای کۆدی پۆستەکانیانەوە بەدواداچوونی بۆ بکەن.

ئەم سیستەمە تەنھا کەرتی پۆستەی حکومی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەگرێتەوە کە بە خێرایی و نرخێکی گونجاو ئالوگۆڕی پۆستە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیھان جێبەجێ دەکرێت.

سیستەمی IPSی تۆڕی پەیوەندییەکان بریتیە لە ئەپڵیکەیشنێک بۆ بەدواداچوونی پۆستە لە ھەموو جیھاندا و چارەسەرکردنی ھەر گرفتێک لەو بوارەدا ھەبێت، سەر بە ناوەندی تەکنۆلۆژیای یەکێتیی پۆستەی جیھانییە.










باسنيوز
Top