بەشێکی زۆری بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەگۆڕدرێن

بەشێکی زۆری بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەگۆڕدرێن
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد کە بە نیازن بەشێکی زۆری بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بگۆڕن، بەتایبەتیش ئەوانەی کە بە وەکالەت کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر رايگەیاند، دوای پەسەندکردنی ھەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لەم دواییانەدا لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە و پێویستە سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی بکات، دەست بە کۆبوونەوەکانیان دەکەنەوە و دەتوانن لەو کۆبوونەوانەدا بڕیار بدەن.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”یەکێک لەو کارانەی لە بەردەم ئەنجومەنەکەمانە، گۆڕانکارییە لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان، بە تایبەتیش ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن“.

عەلی رەشید جەختی کردەوە کە بەشێک لەو بەڕێوەبەرانە لە کاتی ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەت، رێککەوتنیان لەسەر کراوە، بۆیە بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەگۆڕدرێن و ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بە دەنگدان کەسانی نوێ بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دیاری دەکات.











باسنيوز
Top