گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی: لە پێناو کەرکووک دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی عێراقمان بایکۆت کرد
د. ئارام بالەتەیى گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق راگەیاند:" بەهۆى پەرۆشیمان بۆ دۆخى کەرکووک وەکو فراکسیۆنى پارتى داوامانکرد مادەى 35 لەیاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکان نەخرێتە دەنگدانەوە چونکە هیچ بڕگەیەک لەو مادەیەدا نییە باسى ئاسایى کردنەوەى دۆخى کەرکووک بکات،ئێمەش پێمان وایە بەم بارودۆخەى ئێستاى کەرکووک ناتوانرێت هەڵبژاردنى تێدا ئەنجام بدرێت بەڵام بەداخەوە جگە لە فراکسیۆنى پارتى هیچ کەس و لایەنێکى دیکە لەگەڵمان نەبوون بۆئەوەى بگەینە چارەسەرێکى گونجاو بۆ دۆخى شارەکە، بۆیە ئێمە هۆڵى پەرلەمانمان جێهێشت و دەنگمان بە یاساکە نەدا".
ناوبراو راشیگەیاند" وەکو فراکسیۆنى پارتى داوامان کرد بڕگەیەک بۆ مادەکە زیاد بکرێت تێیدا ئاساییکردنەوەى دۆخى شارەکە بکاتە مەرج بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لەکەرکووک چونکە ئێمە خۆمان بەخاوەنى کەرکووک دەزانین و داکۆکى لەمافەکانى خەڵکى شارەکە دەکەین".
گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەئەوەش کرد" ئێمە لەسەرەتاوە گوتومانە دەبێ بارو دۆخى کەرکووک ئاسایى بکرێتەوە و ئەوهێزانەى هێنراونەتە شارەکە دەربچن و بەعەبەبکردنى شارەکە رابگیرێت وپێشمەرگە بگەڕێتەوە، بارەگا داگیرکراوەکانى پارتەکان کوردستانییەکانیش چۆڵبکرێن، بۆئەوەى خەڵک بە ئازادى دەنگ بدەن".
باسنيوز
