كورد داوای پشكه‌كانی له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌كات

كورد داوای پشكه‌كانی له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌كات
كورد داوای وەرگرتنەوەی پۆستە سەربازییەكانی له‌ وەزارەتی بەرگری عێراقی كردووە، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی عێراق وەڵامی داواكارییەكەی نەداوەتەوە.

جەمال حەوێز، ئەندامی لێژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ دەڵێت: ھۆكاری وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانە پەیوەندی بە ناتەبایی ھێزە سیاسییە كوردییەكانه‌وه‌ ھەیە.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا ناسر ھەركی، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرای ده‌كات: ئەم بابەتە خاڵێكی ناو گفتوگۆكانی ھەولێر و بەغدایە و له‌ داهاتوودا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێشتر پشكی كورد لە وەزارەتی بەرگری عێراق، 17% بوو، ئەمەش وایكردبوو بەشێك لە پۆستە گرنگەكان بەدەست كوردەوە بێت، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ 2% كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، بەوھۆیەوە كورد زۆرینەی پۆستە سەربازییەكانی لەدەستداوە.

گرنگترین ئەو پۆستانەی كورد بە ھۆكاری جیاواز لە وەزارەتی بەرگری عێراق لە دەستیداون، بریتین لە : سوپاسالاری عێراق، بەرێوەبەری گشتی میرە و بەرێوەبەری ھەواڵگری، ته‌نیا ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی كورد ماوەتەوە، سەرۆكی ھێزی ئاسمانی عێراقە.

k24 -
Top