تاوەکو ئێستا تەقەکەرەکەی سەر بارەگای ئاسایشی چەمچەماڵ دەستگیر نەکراوە

تاوەکو ئێستا تەقەکەرەکەی سەر بارەگای ئاسایشی چەمچەماڵ دەستگیر نەکراوە
ھەفتەی ڕابردوو لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بەچەکی قورس ھێرش کرایە سەر بارەگای ئاسایشی چەمچەماڵ دواتر تەقەکەرەکە بەرەو شوێنێکی نادیار ھەڵھات، تاوەکو ئێستا تەقەکەرە دەستگیرنەکراوە، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ماڵی تەقەکەرەکەیان داوە.

ھاووڵاتی (م، ک، ت) لەلایەن ھێزەئەمنییەکانەوە تۆمەتبار کراوە بە دزینی چەندین پارچە ئاسەواری بەنرخ، بۆیە لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە چاودێری ماڵەکەی کراوە و ھیچ ئاسەوارێک لەماڵەکەیدا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام ئاسایش گومانی ئەوە دەکات ئاسەوارەکانی بە بڕەپارەیەکی خەیاڵی فرۆشتبێت.

عادل ساڵح، بەڕێوبەری پۆلیسی چەمچەماڵ، ڕايگەیاند: "ھێزەکانی پۆلیس لەسەر ئەو ڕووداوە، ھیچ لێکۆلێنەوەیەکیان نەکردووە، چونکە ئاسایش ئاگاداری کردووینەتەوە کە خۆیان لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە دەکەن، بۆیە ئێمە وەکو پۆلیس ھیچ زانیارییەکامان لەسەر ئەو ڕووداوی تەقەکردنە لانییە".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوی تەقەکردنەکەی بارەگای ئاسایش ڕايگەیاند: "ئەو ھێرشەی ئاڕاستەی بارەگای ئاسایشی چەمچەماڵ کراوە، بەھۆی دزینی ئاسەوارەوە بووە، چونکە بەپێی یاسا دزینی ئاسەوار بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە ھەروەھا ھەرکەسێکیش ھەوڵی دزینی ئاسەوار بدات، ھێزەکانی ئاسایش تەداخولی ئەو دۆسیەیە دەکەن و بەدوای تۆمەتبارەکەدا دەگەڕێن و دەستگیری دەکەن".

گوتیشی: "بەتۆمەتی بردنی چەند پارچە ئاسەوارێکی بەنرخ ھاووڵاتییەک بە ناوی (م، ک، ت) لەلایەن ھێزەئەمنییەکانەوە چاودێری خۆی و ماڵەکەی کراوە، ئەویش وەکو کاردانەوەیەک تەقەی لە بارەگای ئاسایشی چەمچەماڵ کردووە، ھەرچەندە ھێزەئەمنییەکان گەمارۆی ماڵەکەیان داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگرنەکراوە".

ئەو کەسەی کە تۆمەتی دزینی ئاسەواری دراوەتە پاڵ و تەقەی لە بارەگای ئاسایشی چەمچەماڵ کردووە، یەکێکە لەو کەسانەی پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ مەحموود سەنگاوی و چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ھەیە و ڕەنگە بە فەرمانی ئەو بەرپرسانەی یەکێتی ھەوڵی بردنی ئاسەوارەکانی دابێت، بۆیە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە دەستگیری بکەن.










باسنيوز
Top