لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیر کرا

لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیر کرا
مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد، کە چەندین تاوانی دزی ئەنجام داوە و پێشتریش لەسەر تاوانی دزی بەند بووە و بە سپاردە (کەفالەت) ئازاد کراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 22/7/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "پاش ئەوەی لەسەرەتای مانگی 7ی ئەمساڵ چەند فرۆشگایەک لەگەڕەکەکانی ڕزگاری، بەختیاری و ئاشتی لەشەواندا دزییان لێ کرا و لەکاتی لێکۆڵینەوەکانیشدا دەرکەوت شێوەی دزییەکە لەسەرجەم فرۆشگاکان ھەمان شێوەیە، بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان بەدواداچوونی پێویستیان ئەنجام دا و پاش دەستکەوتنی زانیاری، توانرا تۆمەتبارەکە لەکاتی دزیکردندا لەدووکانێک دەستگیر بکرێت".

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئێستا تۆمەتبار (ز، ح، ح) لەدایکبووی ساڵی 1976 بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دانی بەوە دا ناوە، کە لەسێ فرۆشگای دیکە دزی کردووە، ئاماژە بەوەش دراوە کە پێشتر تۆمەتبار لەسەر تاوانی دزی بەند بووە و بە سپاردە ئازاد کراوە.









باسنيوز
Top