بەڕێوەبەری ھاتوچۆی سلێمانی لەگەڵ خاوەنی تاقیگەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل کۆ بووەوە

بەڕێوەبەری ھاتوچۆی سلێمانی لەگەڵ خاوەنی تاقیگەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل کۆ بووەوە
بەڕێوەبەری ھاتوچۆی سلێمانی لەگەڵ خاوەنی تاقیگەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل بۆ پاراستنی مەرجی توندوتۆڵیی ئۆتۆمبێل کۆ بووەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 22/7/2019، عەمیدی مافناس فەرەیدوون عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی سلێمانی لەگەڵ سەرجەم خاوەن تاقیگەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێلدا کۆ بووەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە تیشک خستنەسەر گرنگیی کاری تاقیگەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل بۆ پاراستنی مەرجی توندوتۆڵیی ئۆتۆمبێل بوو، ئەویش بەمەبەستی پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان.

بەڕێوەبەری ھاتوچۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کرد: "لە وەزارەتی ناوخۆوە بڕیار دەرچووە کە پێویستە لەمەودوا سەرجەم تاقیگەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل ئامێر و کەرەستەی پێویستیان بۆ پشکنینی ئێرباک و پشکنینی پشتێنی سەلامەتی ھەبێت، ئەو بڕیارەش لە سەرەتای ساڵی داھاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ھەر تاقیگەیەکیش سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات، سزای دارایی دەدرێت، ھەروەھا ھەر تاقیگەیەک کارئاسانیی بۆ ئۆتۆمبێل بکات لەکاتی پشکنیندا، ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە و لەکاتی دووبارەبوونەوەدا مۆڵەت لەتاقیگەکە وەردەگیرێتەوە".









باسنيوز
Top