کاتی ناردنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە ڕاگەیاندرا
ئەحمەد سەفار، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند، زانیارییان هەیە کە ئەو کێشە تەکنیکییەی بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، نەماوە و سبەی بەشە مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
هاوکات ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی هەمان لێژنەی پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی(فەیسبووک)ەوە بڵاوی کردەوە کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پێیان راگەیاندووە، سبەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
پێشتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تایبەت ڕايگەیاندبوو: "دابەشکردنی مووچە بە شێوەی زنجیرەی خۆی دابەش دەکرێت ئەمڕۆش مووچە دابەش کراوە و نەوەستاوە".
روونیشی کردەوە: "دواکەوتنی مووچەی ھەندێک شوێن و وەزارەت پەیوەندی بە دواکەوتنی پارەی بەغداوە ھەیە، ئومێدمان ھەیە ئەمڕۆ پارەکەی بەغدا بگات، چونکە وەزیری دارایی لە عێراق نەبوو، ئومێدمان وایە ھاتبێتەوە و واژوو لەسەر ناردنی پارەکە بکات".
وەزیری دارایی جەختیکردەوە لە کاتی گەیشتنی پارەکەی بەغدا دابەشکردنی مووچە خێراتر دەکرێت.
مانگانە دوای گەیشتنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم فەرمانبەران و وەزارەتەکان مووچەکانیان پێ دەدرێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش بکرێت.
باسنيوز
