ئەندازەی پارکەکانی ھەولێر لەبارەی ئاودانی باخچەکانی ناوەڕاستی شەقام ئاگادار دەکرێنەوە

ئەندازەی پارکەکانی ھەولێر لەبارەی ئاودانی باخچەکانی ناوەڕاستی شەقام ئاگادار دەکرێنەوە
بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر، بە نووسراوێکی فەرمی، بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان لە کێشەی ئاودانی باخچەکانی ناوەڕاستی شەقام ئاگادار دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 22/7/2019، موقەدەم فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر، نووسراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لەبارەی کێشەی ئاودانی باخچەکانی ناوەڕاستی شەقام لە ھەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە و دەڵێت: "بە نووسراوی فەرمی ئەندازەی پارکەکانمان ئاگادار کردووەتەوە سەبارەت بە شێوازی ئاودانی باخچەی دورگەی ناوەندی شەقامەکان، کە بەم شێوەیەی ئێستا زۆر جار کێشە و ئاستەنگیی ھاتوچۆ دروست دەکات، ھیوادارین کار بە ئاگادارییەکە بکەن و ڕێکاری پێویست بۆ نەھێشتنی ئەم کێشەیە بگرنە بەر".

لە نووسراوەکەشدا ئاماژە بەوە دراوە: "پێتان ڕادەگەیەنین کە لەشەقامی شۆرش - چوارڕێیانی خانزاد تا دەگاتە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی قەزاکان، بەھۆی ئاودانی دارەکانی ناوەندی شۆستەی شەقام، ئاو دەڕژێتە سەر شەقام و بەھەمان شێوە ئەم کارە لە شەقامەکانی 100 مەتری، 60 مەتری و 40 مەتری و شەقامەکانی نێوانیان ھەیە".

باس لەوەش کراوە: "ئەم کێشەیە دەبێتە ھۆی جەنجاڵی و ڕووداوی ھاتوچۆ، ئەمەش بەھۆی کەمکردنەوەی خێرایی لەناکاوی ئۆتۆمبێلەکان کاتێک بە ئاوی سەر شەقامەکە دەگەن، بۆ ئەو مەبەستەش داواکارین سیستەمی ئاوادنەکە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت".











باسنيوز
Top