بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی داوای دامەزراندنی ئەنجوومەنێك دەکرێت

 بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی داوای دامەزراندنی ئەنجوومەنێك دەکرێت
دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان پێشنیازی دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی تایبەت بە رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی دەكات لە كوردستان، كە راستەوخۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەرپەرشتی ئەنجوومەنەكە بكات، بۆ ئەوەی بە توندترین شێوە رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان راگەیاند: پێشنیازەكە بە نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین، كە ئەنجوومەنێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە پێویست دەزانین.

ئەندامێكی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، پێویستە بەرزترین دەسەڵات لە كوردستان سەرپەرشتی ئەنجوومەنەکە بکات بۆ ئەوەی بە ھێزەوە رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە و دەشڵێت، دەبێت ئەنجوومەنەکە ھەموو دەسەڵاتێکی بڕیاردانی لە دەستبێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گوتی: پێویستە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یان سەرۆكی ھەرێم، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنەكە بكەن، بۆ ئەوەی بە تەواوی دەسەڵاتیانەوە ھێز بدەنە ئەنجوومەنەكە، دژی گەندەڵكاران، ئەگەر بەھێزترین دەسەڵاتی كوردستان لە پشت ئەو ئەنجوومەنە نەبێت ناتوانرێت رووبەڕووی گەندەڵكاران ببینەوە.

لە پێشنیازەکەی دەستەی دەستپاکیدا ھاتووە، کە جگە لەوەی راستەوخۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەرپەرشتی ئەنجوومەنەکە بکات، ھەروەھا ھەر یەک لە داواکاریی گشتیی و دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی و فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون ئەندام بن لە ئەنجومەنەکەدا، دوای راوێژ لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دیاری بکرێت.












k24
Top