پەرلەمان: ھەموو لایەنەكان بەڵێنیان بە خەڵكی كوردستان داوە پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەند بكرێت
خەدیجە عومەر مزووری، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، راگەیاند: "لە خولی بەھارەی پەرلەماندا زیاتر ھەوڵەكانمان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم بوو، بەڵام بڕیارە لە خولی پاییزەی پەرلەماندا، كە بڕیارە دوای كۆتاییھاتنی پشووی ھاوینە دەستی پێبكرێت، زیاتر ھەوڵەكان بۆ ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەیە كە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی ھەرێمی كوردستانەوە".
ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە ئێستادا چەندین پڕۆژەیاسا پێشكەش بە لیژنەی یاسایی پەرلەمان كراون و زۆربەشیان پەیوەندییان بە ژیانی ھاووڵاتیانەوە ھەیە، بێگومان دوای دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان، كار لەسەر ئەو پڕۆژانە دەكرێت و دەخرێنە نێو كارنامەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانەوە".
خەدیجە مزووری، كە ھاوكات ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتیشە، گوتی: "یەكێك لەو پڕۆژەیاسایانەی ھەموو لایەنەكان بەڵێنیان بە خەڵكی كوردستان داوە پەسەند بكرێت، پڕۆژەیاسای چاكسازییە لە ھەرێمی كوردستان، ئێمەیش وەك فڕاكسیۆنی پارتی جیددین لەسەر پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی و ئێستا و كاتی خۆیشی بەڵێنمان بە خەڵكی كوردستان داوە ھەرچی لە دەستمان دێت بۆ بەرژەوەندیی گشتی و ھاووڵاتیان لە پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە، درێخی ناكەین، لەبەر ئەوەش یەكێك لە ئەولەویەتی ئێمە لە دوای پشووی پەرلەمان، كاركردنە لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی".
kdp -
