د. نەزاكەت: پێویسته میدیای كوردی بخرێتەوە خزمەتی نیشتیمان و پرسە نەتەوایەتییەكان
دكتۆرە نەزاكەت حوسێن، ڕاگەیاند: "لە هەرێمی كوردستان پاشاگەردانی لە میدیای كوردیدا هەیە، یاسایەكی تەواوی گشتیی ڕاگەیاندنمان نییە بۆ تێكڕای میدیای بینراو و بیستراو و سۆشیال میدیا تا ڕێكیان بخات، تەنها یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 هەیە، كە ئەو یاسایەش بۆ ڕاگەیاندنی چاپكراوە و لە ئاست ئەو گەشەكردنەی ئێستای ڕاگەیاندندا نییە".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتیشی: "لە كوردستان پێویستمان بە ئەنجوومەنێك هەیە ڕاگەیاندنی كوردی بە تەواوی بەشەكانییەوە ڕێك بخاتەوە و، میدیای كوردی بخرێتەوە خزمەتی هاووڵاتیان و نیشتیمان و پرسە نەتەوایەتییەكان، جگە لەوەش پێویستە بە دەرچوواندنی یاسا و دروستكردنی بۆردێك، میدیا بخرێتەوە ناو سیستەمی حكومڕانی و چاودێری بكرێت و یاسای بۆ دەربچوێندرێت".
نەزاكەت دەشڵێ: "ئەو ڕاگەیاندنەی ئەمڕۆ لە كوردستان هەیە، فەوزایەكی گەورەی ناوەتەوە و، بۆ ناسنامە و كولتوور و بەها و ڕەفتار و هەڵسوكەوتی تاكی كۆمەڵگا، كێشەی دروست كردووە".
سكرتێری داكۆكیكردن لە ئازادیی ڕۆژنامەوانی و مافی ڕۆژنامەنووسان ئاماژەشی دا: "دەستێوەردانی دەرەكی لە ڕاگەیاندنی كوردیدا هەیە، بۆیە پێویستمان بەوەیە یاسای تایبەت بە ڕاگەیاندن هەبێت و ئەركی بۆ دیاری بكرێت و پابەند بكرێت بە كۆمەڵێك پرسەوە، هەروەها بۆردی چاودێریی بۆ دامەزرێندرێت و ئەركیشی بۆ دیاری بكرێت، چونكە هەر كەسێك پارەی هەبوو میدیا بكاتەوە، دەستێوەردانی دەرەكی زۆر ئاسان دەبێت".
kdp -
