هاوپەیمانان لە شارۆچکەیەک دەکشێنەوە و بەرپرسێکی عێراقیش هاواری لێ هەڵدەستێ
هێزێکی هاوپەیمانان لە شارۆچکەیەکی عێراقی دەکشێنەوە بەرپرسێکیش ترسی خۆی ئاشکرا دەکات و داوای هێز دەکات.
سەلیم کەربولی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە 21-7-2019، سەرۆکی لێژنەی ئەمنیی شارۆچکەی روتبە پێی راگەیاندوو، کە هێزی هاوپەیمانان لەناکاو لە شارۆچکەی روتبە کشاونەتەوە.
سەلیم کەربوڵی هاواری لێ هەڵساوە و رایگەیاندووە، پێویستە حکوومەتی عێراق بە زوویی هێزێک بنێرێتە روتبە، ئەگەرنا ورەی هێزە ئەمنییەکان بە تەواوی دەڕووخێت و ئەگەری داگیرکردنی شارۆچکەکە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیاد دەبێت.
ئەگەرچی بەرپرسە عێراقییەکان بەردەوام لێدوان دژی بوونی هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەسەر خاکی وڵاتەکەیان دەدەن، بەڵام بەبێ بوونی ئەو هێزانەی هاوپەیمانان، هێزە عێراقییەکان توانای پاراستنی تەنانەت بەغدای پایتەختی وڵاتەکەشیان نییە.
روتبە شارۆچکەیەکی سنووری پارێزگای ئەنبارە لە رۆژئاوای عێراق.
باسنيوز
