فەرماندەی پاسەوانی سەر سنوور: ٤٠٠گوند چۆڵ كراون.. پێویستە پەكەكە لەو ناوچانە نەمێنێت

 فەرماندەی پاسەوانی سەر سنوور: ٤٠٠گوند چۆڵ كراون.. پێویستە پەكەكە لەو ناوچانە نەمێنێت
فەرماندەی ھێزەكانی پاسەوانی سەر سنووری ھەرێمی كوردستان، كە سەر بە حكوومەتی عێراقە، رایگەیاند: "توركیا لە بۆردوومانكردنی ناوچە سنوورییەكانی ھەرێم بەردەوامە و رۆژانە گوندەكانی ھەرێم لەو ناوچانە چۆڵ دەكرێن، ھەموو ھۆكارەكەش بوونی پەكەكەیە، بۆیە پێویستە گوند و ئاواییەكان چۆڵ بكەن و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، زیان بە ھەرێمی كوردستان نەگەیەنن".

لیوا شێركۆ زەنگەنە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "توركیا بەردەوام ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكات، ئێمەش بەردەوام حكوومەتی عێراق لەو بۆردوومانانە ئاگادار دەكەینەوە و لە ھەر بۆمبێك ئاڕاستەی سنووری ھەرێم بكرێت، حكوومەتی عێراقی لێ ئاگادار دەكرێتەوە بە تەواوی وردەكاری و شوێنی بۆردوومانەكەش و بەردەوامیش زیان بەو ناوچانە دەگات".

زەنگەنە گوتیشی: "ھەر جارێك بۆردوومانی ناوچە سنوورییەكانی ھەرێم دەكرێت، زیان بەر ھەرێم دەكەوێت و ناوچەكە دەسووتێت و خەڵك ئاوارە دەبێت ، بۆیە پێویستە چیتر خەڵكی ھەرێمی كوردستان نەبێتە قوربانی و ناكرێت دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت".

ئەوفەرماندەیە باسی لەوەش كرد، ئەگەر پەكەكە سنوورەكە چۆڵ بكات، تۆپبارانیش نامێنێت، چونكە توركیا بە بیانووی ئەوان بۆردوومانی ناوچەكە دەكات و پێویستە پەكەكە بچێتە ئەو شوێنەی خۆیان دەیانەوێت، نەك لە ھەرێمی كوردستان بن، چونكە بوونی پەكەكە زیانی زۆری بە ھەرێمی كوردستان گەیاندووە.

دەشڵێ، تەنھا لە سنووری دھۆك ٤٠٠گوند چۆڵ كراون و رۆژانەش گوندەكانی نزیك بۆردوومانەكان چۆڵ دەكرێن، چونكە ژیان لەو گوندانە بۆ ئەوان نەماوە، بۆیە پێویستە پەكەكە لەو ناوچانە نەمێنێت، چونكە دەچنە ناو گوند و ئاواییەكان و توركیاش بۆردوومانی دەكات، كە خەڵكی ئێمەش ژیان و گوزەرانیان لەو ناوچانەیە، بۆیە بە ھۆی ئەو بۆردوومانانەوە بە ملیاران دۆلار زیان بەر خەڵكی كوردستان كەوتووە.

ڕاشیگەیاند، شوێنی پەكەكە ھەرێمی كوردستان نییە و ناكرێت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، زیان لە ھەرێمی كوردستان بدەن.

kdp-
Top