پسپۆرێک: شاندێکی بەغدا بۆ چارەکردنی پرسی نەوت سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات

	 پسپۆرێک: شاندێکی بەغدا بۆ چارەکردنی پرسی نەوت سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات
بڕیارە بۆ چارەسەرکردنی ھەندێ پرسی تەکنیکیی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا شاندێکی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و پسپۆڕێکی کەرتی نەوتیش دەڵێ، شاندەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان گرفتە تەکنیکییەکانی کەرتی نەوت چارەسەر دەکەن و دواتر ھەرێمی کوردستان دەبێتە ھاوبەشی عێراق لە کەرتی نەوتدا.

دکتۆر سیروان عەرەب، پسپۆڕی نەوت، ڕاگەیاند: "مەبەست لە سەردانی شاندەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئەوە بووە تا پابەندبوونی ھەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنی نێوان ھەردوولا نیشان بدرێت، وەک ئەوەی لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا ھاتووە، ئەوەیشی کە تا ئێستا نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت ھەندێ ڕێگریی تەکنیکی بووە، کە بڕیارە لەمەودووا کاری لەسەر بکرێت، وەک چارەسەرکردنی کێشەی قەرزی کۆمپانیاکان و پرسی نەوتی کەرکووک، چونکە ژمارەیەک کۆمپانیا لە ساڵی ٢٠٠٧ بەدواوە دەستیان بە دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان کردووە و تا ئێستا بەرھەمەکە لەبەردەستە، لەبەر ئەوەش پێوستە بەغدا پابەند بێت بە دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان، ئەگەر بیەوێ ھەرێمی کوردستان نەوتەکەی لە ڕێگای سۆمۆە ھەناردە بکات."

ئەو پسپۆڕەی کەرتی نەوت و گاز گوتی: "بەشێک لە کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق گلەییی ئەوەیان ھەبوو ھەرێمی کوردستان ئامادە نییە نەوتەکەی ڕادەست بکات، بەڵام بڕیارە شاندێکی تەکنیکی بۆ وردەکارییەکانی چارەسەرکردنی پرسی نەوت سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و لەدوای لابردنی ئاستەنگە تەکنیکییەکان لە پرسی نەوتدا ھیچ کێشەیەک لە نێوان ھەردوو حکوومەتدا نامێنێ."

دکتۆر سیروان عەرەب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کە ھەرێمی کوردستان نەوت لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان دەکات مانای ئەوە نییە ھەرێمی کوردستان نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا دەکات، بەڵکو ھەرێمی کوردستان دەبێتە ھاوبەشی عێراق لە فرۆشتنی بەرھەمی نەوتی خۆی، واتە پێکەوە نەوت ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان دەکەن و بەوەش کێشەکە کۆتاییی دێت، چونکە ھەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە بڕیاری خۆی داوە و تەنیا لایەنی تەکنیکیی ماوە."


kdp -
Top