ئەمڕۆ لە باكوور یادی ٤ ساڵەی كۆمەڵكوژیی پڕسووس دەكرێتەوە
ئەوەی مایەی نیگەرانییە تاكوو ئێستا دادگای تورکیا ئەو دۆسیەیەی یەكلایی نەكردوەتەوە.
لە پڕسووس لە ٢٠_٧_٢٠١٥ لە گردبوونەوەیەكدا بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ، كە ئەوكات گرووپی تیرۆرستی داعش پەلاماری دابوو و دەیویست وێرانی بكات، داوایان دەكرد حكوومەتی توركیا بچێت بە هانای خەڵكی كۆبانێیەوە، بەڵام لەو كاتەدا كەسێك خۆی لەناو خەڵكدا تەقاندوە و بەو هۆیەوە ٣٣ كەس شەهید بوون و ١٠٠ی تریش بریندار بوون.
ئەو كۆمەڵكوژییە لە زیهنی باكوورییەكان كال نابێتەوە، چونكە لەو رۆژەدا شار بە تەواوی رەشپۆش كرابوو و لە هەموو گەڕكێكی پڕسووسدا پرسە بۆ قوربانیان دانرابوو.
تاكوو ئێستا حكوومەت هیچ هەوڵێكی نەداوە بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی لە پشت ئەو كردەوە تیرۆرستییەوە بوون، ئەگەرچی ١٠ دانیشتنی دادگایی بەڕێوە چووە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
كەسوكاری شەهیدان و برینداران بە هیچ شێوەیەك قەرەبوو نەكراونەتەوە، چونكە دادگا لەو ڕووەوە هیچ بریارێكی نەداوە و دۆسیەكەی بە نهێنی هێشتووەتەوە.
بەشێك لە میدیاكانی توركیا لەو بارەیەوە ئاماژەیان داوە، كە یەكلانەكردنەوە كۆمەڵكوژیی پڕسووس، یەك شتمان پێ دەڵێت و ئەویش نەبوونی دادپەروەرییە.
گرووپی تیرۆرستی داعش هەرزوو ئاشكرای كرد كە كردەوە تیرۆریستییەكە دەستی ئەوانی تێدایە، هەروەها دوو پۆلیسی هەواڵگریی توركیاش دەستگیر كران، چونكە كەموكوڕیان هەبووە لە پاراستنی ئەو شوێنە، بەڵام هەرزوو ئازاد كران.
ئەو كەسانەی شەهید و بریندار بوون، هەموویان سۆسیالیست بوون و لە رێكخراوەكانی سەر بە سوسیالیست و مافی مرۆڤ كاریان دەكرد. ئەوان گردببوونەوە بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ و ئەو هاووڵاتییە بێتاوانەی لەوێ بە دەستی داعش تیرۆر دەكران، بەڵام بۆ خۆشیان بوونە قوربانی دەستی تیرۆر.
باسنيوز
