شێخ جەعفەر مستەفا، كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم:پێویستمان بە سوپایەكی یەكگرتووی پێشمەرگەیە
شێخ جەعفەر مستەفا، كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی یەكەی ٧٠ ڕاگەیاند: "ئێمە ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی هەرێم و حكووەتمان هەیە، بۆیە پێویستمان بە سوپایەكی پێشمەرگەی یەكگرتوو هەیە كە هیچ سیمایەكی حزبایەتیی پێوە نەبێت، بەڵكوو سوپای حكوومەت و خەڵك بێت، بە هەموو لایەك واتە بە سەرۆكایەتی هەرێم و حكوومەت و وەزارەتی پێشمەرگەوە هەوڵ دەدەین بۆ حكوومەتی داهاتوو هەموو هێزی پێشمەرگە یەك بخەین و هیچ پێشمەرگەیەك لە دەرەوەی وەزارەت نەمێنێت".
شێخ جەعفەر مستەفا نایشارێتەوە كە هۆكاری یەكنەگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕابردوودا "كۆمەڵێك كێشە" بووە، لەوانە شەڕی داعش و كێشەی بودجە و دەبێ سوپایەکی پێشمەرگەی پڕ مەشق و چەك بۆ پارێزگاریكردن لە دەسكەوتەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك لەسەر هەرێم دروست بكەین".
لەبارەی بەرنامە و پرۆژەی خۆی وەك جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، شێخ جەعفەر ئاماژە بەوە دەكات: "دەكەوێتە سەر ئەو دەسەڵاتەی كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان پێمان دەدات، بەڵام بەش بە حاڵی خۆم لە هەر شوێنێك بم كێشەخولقێن نابم، بەڵكوو كار ئاسانكەر و ڕێگەخۆشكەر و چارەسەركەر و هاوكار و هەماهەنگ دەبم بۆ بەرنامەیەك لە خزمەتی خەڵك و پێشمەرگەدا بێت".
ڕوونیشی كردەوە: "مەبەستی من خۆشی و سەركەوتنی میللەتەكەمان و پاراستنی دەستكەوتەكانە و بەو هیوایەی میللەتەكەمان ببێتە خاوەنی كیانی خۆی" و بەهەموو توانام هاوكار و ملكەچی هەموو ئەو فەرمان و بڕیارانە دەبم كە لەسەرووی خۆمەوە دەردەچێت".
باسنیوز
