راگەیەندراوێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
لە راگەیەندراوەکەدا، کە ئەمڕۆ هەینی 19-7-2019 بڵاو کراوەتەوە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ”ئاڵای ھەرێمی کوردستان، ئاڵایەکی دەستوورییە لە ناو عێراقدا و پێشتریش لە فڕۆکەخانەکان و ھۆڵەکانی پێشوازی لە تورکیا دانراوە بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکانی ھەرێمی کوردستان“.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی راسپاردووە بە قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ”تا بە زووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن“.
دەقی راگەیەندراوەکە:
لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە شاری ترابزۆنی تورکیا، تووشی پەلاماردان و دەستدرێژی بوونەوە بە هۆی ئەوەی ویستوویانە بە ئاڵای کوردستانەوە وێنە بگرن، دواتر دەستگیراون و بە نیازن بیاندەنە دادگە.
ئاشکرایە ئاڵای ھەرێمی کوردستان، ئاڵایەکی دەستوورییە لە ناو عێراقدا و پێشتریش لە فڕۆکەخانەکان و ھۆڵەکانی پێشوازی لە تورکیا دانراوە بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکانی ھەرێمی کوردستان.
بۆیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ویڕای دەربڕینی نیگەرانی لەو رووداوە، لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستانیشی راسپارد کە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تا بە زووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
باسنيوز
