دیاری حوسێن: هەفتەی داهاتوو لیژنە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركووك پێك دەهێنین
دیاری حوسێن، لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، كە كەركووكییەكان بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە دەبێ ئەقڵییەتی یەكترقبووڵكردنیان هەبێت، وەك چۆن پێشتریش هەبووە، هەر ئەوەش خاڵێكی دیكەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، ئەمەش وێڕای دەنگی ناڕازی لێرە و لەوێ كە لە شەقامدا هەن و نموونەیشی بە خۆپێشاندانەكەی چەند رۆژی رابردوو هێنایەوە، هاوكات پێیشی وابوو كە مەرج نییە، ئەو درووشمانەی لە خۆپێشاندانەكاندا گوتران، سیاسەتی لایەنەكان بێت.
ئەوەی بە لای جێگری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە گرینگە، یەكدەنگیی لایەنە كوردییەكانە لە بابەتی چارەكردنی كێشەكان، بەو پێیەی لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە كورد زیانی گەورەی لە پارێزگاكە بەركەوتووە، بۆ چارەكردنی ئەو زیانە گەورەیەش، بە پێویستی دەزانێت گفتوگۆ و یەكدەنگیی لایەنەكان دروست ببێت.
دیاری حسێن ئاشكرای دەكات، كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو، لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و كەركووكییەكان كۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر دانانی لیژنە و بەرنامەی لیژنەكە بكەن، دواتریش لەگەڵ عەرەب و توركمان و كلد و ئاشووریش كۆببنەوە.
جەختیش دەكاتەوە، ئەگەر بارودۆخی كەركووك ئاسایی نەكرێتەوە، كێشەكان چارە ناكرێن، هەرچەندە ناوبراو گەشبینە بە ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە، وەك خۆیشی ئاماژەی پێدا، سەردانی مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و شاندی یاوەری بۆ بەغدا و دیدار و گفتوگۆكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغدا، دڵخۆشكەرن و هەنگاوی نوێن بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا، بەو پێیەی كە عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆكوەزیرانی عێراق تێگەیشتنی باشتری بۆ چارەكردنی كێشەكان بە پێی دەستوور هەیە، كە هەر ئەوەش خواستی ئێمەیە.
سەبارەت بەو لیژنەیەی كە بە نیازن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەن و پێكهاتەكانی كەركووك پێكی بهێنن، دیاری گوتی: "لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی پارێزگا دەبێت و گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین، هەر ئەگەرێكی دیكەیش بێتە پێشەوە، ئەوكات مەكتەبی سیاسیی هەردوولا كۆبوونەوە دەكەین و بڕیار لەسەر بابەتی دیكە دەدەین".
kdp -
