فەهیم عەبدوڵڵا: چاوەڕوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانین.. دەست بە دانیشتنەكانمان دەكەینەوە
دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی رۆژی 8ی ئەم مانگەدا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پێشنیازی هەمواری یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد و، تەمەنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی درێژ كردەوە تا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.
لەبارەی كاتی دەستبەكاركردنەوەیان بە شێوەیەكی یاسایی، فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، راگەیاند: "پاش ئەوەی پەرلەمانی كوردستان هەمواری یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد، لە ئێستادا چاوەڕوانین لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە بێتە پەسەندكردن و لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاو ببێتەوە، ئینجا دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، ئەو كاتیش بە شێوەیەكی یاسایی دەتوانین ئیشوكارەكانمان ئەنجام بدەین و بەردەوام بین."
عەبدوڵڵا گوتیشی: "لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بووین لە كارەكانی رۆژانەمان بۆ خزمەتكردنی خەڵك، لە ئێستاشدا ئامادەكاریی خۆمان دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین گوڕوتینێكی تر بە ئیشوكارەكانمان بدەینەوە."
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك دەشڵێت: "لە ماوەی داهاتوودا كار لەسەر ئەو كێشانە دەكەین، كە پەیوەندیی رۆژانەی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، وەكو كارەبا و ئاو و زێدەڕۆیی و كێشەكانی تر، بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین هاوكاری خەڵك و ئیدارەی پارێزگای دهۆك بین بۆ چارەكردنی كێشەكان."
kdp -
