مامۆستایەکی زانکۆ: ئاراستەی مەسرور بارزانی و عادل عەبدولمەھدی بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکەیە
د. پەروێز رەحیم قادر، مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین، لەمبارەوە ڕايگەیاند: "دۆخی کوردستان لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکۆتبەرەوە چووەتە قۆناغی ناچاری، بەتایبەت لە دوای پرسی ریفراندۆم بەم ئاراستەیەدا چووە، بۆیە ئێستا دەبێت دانوستان بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ھەڵسینەوە، لە دورشمەکانی داھاتووی کوردستانیش کە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، بریتییە لە بونیادنانی کوردستانێکی بەھێز، بەوە پێناسە دەکرێت پەیوەندیی ھەولێر و بەغدا پتەو بکرێت و ماڵی کوردستان یەک بخرێتەوە ئەویش لەڕێگەی دانوستان کە ئێستا لە ناوخۆی کوردستان و لەگەڵ بەغداش درێژەی پێ دەدرێت".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی: "بەغدا بە شەڕ نەیتوانی کوردستان داگیر بکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش قبووڵ ناکەن کوردستان بکەوێتە دۆخێکی نەخوازراوەوە و عێراقیش ناتوات خۆی بسەپێنێت، لە ئەرزی واقعیدا حکوومەتی عێراق لەم قۆناغەدا لە رزۆ لایەنی عەرەبی و ھەندێک لە پەرلەمانتارە کوردەکانەوە گوشار لەسەر عادل عەبدولمەھدی ھەیە کە ھێشتا تیرۆر و ھەرەشەی جدی لەسەر عێراق و کوردستان هەیە و ئەوە ڕاستییە کە بەبێ یەکتری ناتوانن ڕووبەڕووی ئەم تەحەدییانە ببنەوە".
د. پەرویز ڕەحیم قادر راشی گەیاند: "لێدوانی مەسرور بارزانی و عادل عەبدولمەھدی جۆرێکە لە ھەوڵدان بۆ ھێورکرنەوەی دۆخەکە، چونکە بەبێ متمانە و ئاساییکردنەوە و ھێورکردنەوە ناکرێت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ڕیککەوتن بکرێت".
باسنيوز
