نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا کرد
لە دیدارێکدا کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 17/7/2019 لە ھەولێر بەڕێوە چوو، ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق پیرۆزبایی خۆی و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بە نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاند بۆ دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست، لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی کردن و سڵاو و رێزی بۆ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و جێگرەکەی نارد.
لە دیدارەکەدا ھەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕووسیا و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە، لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەر نیشان دا و ئاماژەی بە سەردانی دوێنێی شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد.
تاوتوێکردنی دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
باسنيوز
