نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی رووسیا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکەنەوە

 نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی رووسیا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکەنەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان و شاندێکی رووسیا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا دەکەنەوە.

ئەمڕۆ ماكسیم ماكسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا له‌ عێراق پیرۆزبایی خۆی و سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیای به‌‌ نێچیرڤان بارزانی راگه‌یاند بەبۆنەی دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکى هه‌رێمی كوردستان.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و رووسیا کردووەتەوە.

نێچیرڤان بارزانی ئاماده‌یی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەپێی دەستوور نیشاندا و ئاماژه‌ی بە سەردانەکەى دوێنێى شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ دۆخی سیاسی و ئه‌منیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان کراون.




رووداو
Top