مه‌سرور بارزانی: به‌مزووانه‌ لێژنه‌ پەیوەندیدارەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ده‌ست به گفتوگۆ دەکەن

مه‌سرور بارزانی: به‌مزووانه‌ لێژنه‌ پەیوەندیدارەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ده‌ست به گفتوگۆ دەکەن
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای سه‌ربازی و دیپلۆماسی به‌ریتانیدا رایگه‌یاند، به‌مزووانه‌ لێژنه‌ پەیوەندیدارەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا گفتوگۆی زیاتر دەکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکان, به‌ پێی ده‌ستوور.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 17/7/2019، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکی حکوومەتی ھەرێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى باڵاى به‌ريتانى كرد، كه پێکھاتبوو له جەنەڕاڵ سێر جۆن لۆریمەر، راوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگری بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جۆن ویلکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و جەیمس سۆرنتن, كۆنسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان.

شاندی میوان سەرەتا پیرۆزباییان لە سەرۆك وەزیران کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ و سەردانی شاندی باڵای ھەرێمی کوردستانیشیان بۆ بەغدا بە گرنگ و پێویست ناوبرد.

له‌ دیدارێكدا، گفتوگۆ لەبارەی گرنگی بەردەوامبوونی ھاوکاری و ھەماھەنگی بەریتانیا و ھاوپەیمانان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە کرا.

سەرۆك وەزیران سوپاسی شاندی میوانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەمزووانە لێژنە پەیوەندیدارەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا گفتوگۆی زیاتر دەکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور.

لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە گرنگی بەردەوامبوونی ھەماھەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی جمووجۆڵەکانی داعش درا كه‌ تا ئێستاش لە چەند ناوچەیەکی عێراق جموجۆڵیان ماوه‌.





K24
Top