مەسرور بارزانی: لە سەردانەکەمان بۆ بەغدا ئهو شتانهی پێویست بوو بگوترێن خستمانه ڕوو
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامەکەی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی"بۆ تاوتوێکردنی کێشە و پرسە هەڵواسراوەکان سەردانی بەغدامان کرد".
مەسرور بارزانی، نووسویەتی" ڕۆژی سێشەممە بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدامان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشە و پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بە ئەوە کردووە کە لەو سەردانەدا لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ کۆبوونەتەوە و باسیان لە هەموو کێشە و پرسەکان کرد، ئومێدیشی خواستووە کە بتوانن لە چارەسەری کێشەکاندا پێشکەوتن بکەن.
نووسویەتیشی"لە میانی کۆبونەوەکانماندا بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرسە ھەڵپەسێردراوەکان لە سەر بنەمای دەستور جەختمان لە گفتوگۆی جددی کردەوە".
ڕوونیشیکردووەتەوە کە شاندەکەی هەرێمی کوردستان ههموو ئهو شتانهی پێویست بوو بگوترێت، خستوویانەتە ڕوو، ڕاشیگەیاندووە"لهسهر پێکهێنانی چەند لێژنەیەکی تەکنیکی بۆ دیاریکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رێککەوتووین، کە له داهاتوویهكی نزیك دهست به گفتوگۆی تهكنیكی بكرێت بۆ تاوتوێكردنی ئهو بابهتانه".
باسنیوز
