جان دۆست : دەبێ نووسەرانی كورد بە دنیا بڵێن دەمانەوێت سەربەخۆ بین

جان دۆست : دەبێ نووسەرانی كورد بە دنیا بڵێن دەمانەوێت سەربەخۆ بین
نووسەر و وەرگێڕ و شاعیری دیاری كورد جان دۆست دەڵێ، هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كورد لە تەواوی پارچەكانی كوردستان و جیهانیش.

جان دۆست، لە كورتە دیمانەیەكی تایبەتدا، گوت: "هەمیشە هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی ویستوویەتی كورد لە رۆژئاوا یەكگرتوو و یەكڕیز بن و ڕەوشەكە ئارام بێت، بەردەوام سەرۆك بارزانی لە خەمی رۆژئاوادا بووە و ڕێككەوتنەكانی دهۆك و هەولێریش بەڵگەی ئەو راستییەن، كەچی ئەو ڕێككەوتنانە لە لایەن لایەنێكی دیاریكراوەوە جێبەجێ نەكران و تاكلایەنە دەسەڵات بەڕێوە دەبەن و هەموو شتێكیان قورخ كردووە، كە ئەمە لە بەرژەوەندیی كورددا نییە و بەو جۆرەش بەردەوام نابێت".

جاندۆست هیواخوازیشە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بەردەوام بن بۆ لێكنزیكبوونەوەی كوردان و چارەكردنی ئەو رەوشەی لە رۆژئاوای كوردستاندا هەیە، چونكە پێویستە رۆژئاوا لە تونێلە تاریكەكان دەربهێنرێت و كوردیش ببێتە هاوبەشی سەرەكیی لە سووریادا.

ئەو هەروەها ئاماژە بە رۆڵی سەرۆك بارزانی دەكات و دەڵێت: "سەرۆك بارزانی توانیویەتی پرسی كورد، جێی بایەخپێدان بێت لە دنیادا و پرسەكەش بەنێودەوڵەتی بكرێت، گوتیشی: "لە ریفراندۆمدا كورد زانیویەتی چی دەڵێت و پرسێكی كوردی هەیە و ئاڕاستەكە بۆ كوێ دەچێت، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەنجامەكانی ریفراندۆم بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی، لە داهاتوودا دەردەكەون".

"سەربەخۆبوون مافی ڕەوای هەر گەلێكە، ئێمەی كوردیش هیچ گوناهێكمان نەكردووە، بەڵكوو تەنیا داوای مافی خۆمان كردووە". جاندۆست وا دەڵێ.

دەشڵێ: "دەمەوێ بە نووسەر و ئەدیبەكانی كورد بڵێم، پێویستە خامەكانیان بۆ سەربەخۆبوون و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد تەرخان بكەن و هەمووان بكەونە خزمەت ئەم ئامانجەوە، كە ئامانجێكی پیرۆزە، هەروەها دەبێ نووسەرانی كورد بە دنیا بڵێن دەمانەوێت سەربەخۆ بین و لە هەر شوێنێك بێت دەبێت مافی خۆمان بەدەست بهێنینن".

جان دۆست، یان ژان دۆست (Jan Dost) نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی كوردە، لە ساڵی ١٩٦٥ لە كۆبانی لە دایك بووە. لە زانكۆی حەلەب بەشی بایۆلۆژیی تەواو كردووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی. بە شیعر دەستی بە كار كرد و یەكەمین دیوانی بە ناوی (قەڵای دمدم) ساڵی ١٩٩١ لە ئەڵمانیا و لە ھەمان ساڵیشدا لە ئیستانبووڵ بڵاو كردەوە.

kdp -
Top