لە سلێمانی لەسەر دۆسیەی کوشتنی کەسێک چوار تۆمەتبار دەستگیر کران

لە سلێمانی لەسەر دۆسیەی کوشتنی کەسێک چوار تۆمەتبار دەستگیر کران
مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی شارۆچکەی دووکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی چوار تۆمەتباریان دەستگیر کرد، کە تۆمەتبارن بەکوشتنی ھاووڵاتییەک.

ئەمڕۆ سێشەممە 16/7/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "ڕۆژی 12/7/2019، ھاووڵاتی (ت، م) لە گوندی گۆمەزەلی سەر بە شارەدێی (بنگرد) سەر بە شارۆچکەی دووکان بە فیشەک کوژرا، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دووکان لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێ کرد و زانیاربی ورد لەسەر تۆمەتباران کۆ کرایەوە".

باس لەوەش کراوە: "دوێنێ دووشەممە 15/7/2019، تۆمەتبار (چ، ح، م) خۆی ڕادەستی بنکەی پۆلیسی ڕزگاری کرد، پاش ڕێکارە یاساییەکان تۆمەتبار ڕەوانەی بەشی پۆلیسی دووکان کرا و لەھەمان کاتدا لەلایەن بەشی پۆلیسی دووکانەوە بە ھاوکاریی پۆلیسی ڕانیە توانرا ھەرسێ تۆمەتبار (ج، م، ب) و (م، ب، پ) و (س، م، س) دەستگیر بکرێن.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لەکاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتباراندا دەست بەسەر چوار کڵاشینکۆف، یەک ڕومانە، یەک تاپڕ، 11 مەخزەن و 300 فیشەکی کڵاشینکۆفدا گیرا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕوونیش کراوەتەوە، ئێستا سەرجەم تۆمەتباران بەبریاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، لەلایەن بەشی پۆلیسی دووکانەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە".










باسنيوز
Top