گۆڕان لە هەندێک گۆڕانکاری لە سلێمانی نیگەرانە

گۆڕان لە هەندێک گۆڕانکاری لە سلێمانی نیگەرانە
بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی بڕیارێک لەبارەی گۆڕینی بەڕێوەبەرێکی گشتی لە پارێزگای سلێمانی، نیگەرانە و بڕیارە لە ڕێگەی دادگای کارگێڕییەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بدات.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی ٧ی ٢٠١٩، ڕۆژنامەکی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاپۆرتێکیدا، باسی لە بڕیاری لادانی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە کردووە و ئاشکرای کردووە کە گۆڕان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە، لە ڕێگەی سیاسییەوە ”هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ“ و لە ڕێگەی دادگای کارگێڕیشەوە سکاڵا تۆمار دەکەن.

هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لەنێو گۆڕان بۆ رۆژنامەی حزبەکەی ئاشکرا کردووە کە بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕازی نەبووە لەسەر دانانی کەسێک بۆ بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان ”کە سیڤییەکەی شایەنی وەرگرتنی ئەو پۆستە نەبووە، بەڵام یەکێتی ویستوویەتی دایبنێت“.

لەلایەن خۆشیەوە رێبوار ئەحمەد بازیانی، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، گوتوویەتی: ”ئەم کارەی قوباد تاڵەبانی کردوویەتی، کودەتایە بەسەر شەرعییەتدا“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر نووسینگەی قوباد تاڵەبانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتی کردبووەوە بڕیاری لادانی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندی بە بابەتی بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخانەوە هەبێت.











باسنيوز
Top