شاندی هه‌رێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدا

شاندی هه‌رێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدا
كەمێك پێش ئێستا شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت گەیشتە بەغدا و لەگەڵ ھەرسێ سەرۆكایەتی عێراق كۆدەبنەوە.

عەمار نەجمەدین، نێردراوی كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "لە سەرەتادا شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كۆدەبنەوە. پاشان پاشاندەكە لەگەڵ ھەر یەك لە عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبنەوە. لە دیدارەكانی شاندی حكوومەتی ھەرێم و ھەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق باس لە كێشە ھەڵواسراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەكرێت".

هەریەک لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێششمەرگە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەندامیەتی شاندەکە دەکەن و لەشاری بەغداش لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆدەبنەوە.

له‌م سه‌ردانه‌دا كه‌ بۆ ده‌رخستنی نیازپاكیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌رامبه‌ر به‌غدا، پرسەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكان، بووجە و نەوت، كەركووك، ئاوارەكان، لە دیدارەكان گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی لە داھاتوویەكی نزیك ھەنگاوی كردەیی بۆ چارەسەری كێشە ھەڵپەسێردراوەكان بنرێت.

لە دوای یەكەمین كۆبوونەوەی فەرمی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە دوێنێ 15/7/2019 ئەنجامدرا، لە راگەیەندراوێكدا حكوومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەكرد، کە شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی نیازپاکی و گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا له چوارچێوەى دەستوور، سەردانی بەغدا دەکات.




K24
Top