د. مەحموود عوسمان: گرنگە پرسی كەركووك بە شێوەی بنەڕەتیی چارەسەر بكرێت
چاودێر و سیاسەتمەدارێکی کورد ڕای دەگەیەنێت، گرنگە بابەتی كەركووك لە گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەری بنەڕەتی بۆ بكرێت.
مەحموود عوسمان، چاودێری سیاسی و سیاسەتمەداری ناسراوی كورد لەبارەی سەردانی شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی نێوان هەردوولا ڕاگەیاند: ئەم هەنگاوە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، حكوومەتی هەرێم خۆی جەختی كردەوە كە ئەمە هەنگاوی لەپێشینەیە، بۆیە دەبێ ئێمە چاوەڕوان بین بزانین چی ڕوو دەدات، ئومێدەوارین بگاتە ئەنجام و هەنگاوەكە سەركەوتوو بێت بۆ چارەسەریی گرفتەكان".
ئەو سیاسەتمەدارە كوردە ڕاشی گەیاند: "گفتوگۆكان پرۆسەیەكی درێژخانەیەن دەبن و بابەتەكان بە ڕۆژ چارەسەر ناكرێن".
لەبارەی بابەتی كەركووك و چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە، مەحموود عوسمان دەڵێت: "گرنگە بابەتی كەركووك چارەسەرێكی بنەڕەتی لە گفتوگۆكاندا بۆ بكرێت و مادەی ١٤٠ی دەستوور كە تایبەتە بە چارەسەركردنی ناوچە كێشە لەسەرەكان و مادەیەكی دەستوورییە و لەجێی خۆیەتی و كەس ناتوانێت ئەو مادەیە لا ببات، هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵبگیرێت".
باسنیوز
