نێچیرڤان بارزانی بۆ گەنجان: بیر بكەنەوە، داهێنان بكەن و سەرەتایەكی تازە دەست پێبكەن
دەقی وتاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی پیشانگەی كار لە هەولێر ـ ئەمڕۆ دووشەممە ١٥/٧/٢٠١٩.
بەیانیتان باش
گەنجانی خۆشەویست
ئامادەبووانی بەڕێز..
هەموو لایەكتان بەخێر بین،
خۆشحاڵم لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشداری لە پیشانگەی ئەمساڵی كاردا دەكەم كە ساڵانە دەزگای ڕوانگە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕوانگە فورەسدا ئەنجامی دەدات. پیشانگاكانی كار لە جیهان، گرنگی و بایەخێكی گەورەیان هەیە. تیایدا كارخوازان، ئەوانەی بە دوای كاردا دەگەڕێن و خاوەنكارانیش یەكتری دەدۆزنەوە و هەردوولا سوودمەند دەبن. كارخواز بە دۆزینەوەی كار و دەستپێكردنی ژیان و ئەزموون و سەرەتایەكی تازە، خاوەنكاریش بە دۆزینەوەی كارخوازی لێهاتوو كە بۆشایی و پێداویستیی كاری بۆ پڕدەكاتەوە.
مایەی خۆشحاڵییە دەبیستم ئەمڕۆ لە كاك عەبدولسەلام مەدەنی پڕۆژەی "ڕوانگە فورەس" بۆ ئەمساڵ وایكردووە زیاتر لە (150) كۆمپانیا بتوانن لەم پیشانگەیەدا بەشدار بن كە ناوی بەرچاوی بازاڕ و ئابووری، كۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، زانكۆ، قوتابخانە، دەزگا و دامەزراوە، كۆمپانیاكانی بوای وزە، پەیوەندی و گەیاندن، بازرگانی، بواری گەشتیاری و بوارەكانی دیكە لەخۆ دەگرێت، تا ئێستا ئەوەی كە كاك عەبدولسەلام باسی كرد، زیاتر لە (1700) دەرفەتی كاریش بۆ گەنجانی كارخواز لەم پیشانگایە دەڕەخسێنێت. دەستخۆشییان لێدەكەم، هیوام ئەوەیە بەردەوام بن و سەركەوتووبن بۆ خۆیان و بۆ كارخوازان.
هەموو دەرفەتێكی كار تەنانەت بۆ یەك كەسیش بێت، كارێكی گرنگە. ئومێد و ژیان، سەرەتا و ئەزموونێكی تازە بۆ كەسێك، بۆ خانەوادەیەك دەستەبەر دەكات. وابەستەیی بە نیشتمانەوە و خۆشەویستی بۆ خاك بەهێزتر دەكات. كار، تۆوی ئومێد و هێزی بەرگەگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەكانی ژیان، لە ناخی مرۆڤدا دەچێنێت. كار، بڕوا و متمانەبەخۆبوون و كەسایەتی و خەونی گەورە لەلای كۆمەڵگە دروست دەكات.
گەنجانی خۆشەویست،
لە دوای ساڵی 2003ـوە، هەرێمی كوردستان قۆناغێكی گەورەی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانی ژێرخان و بەرەوپێشچوونی ئابووری بە خۆیەوە بینی. بە دەیان هەزار دەرفەتی كار لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە بواری جیادا دروست بوون. لەو ماوەیەدا سیمای هەرێمی كوردستان بە تەواوی بۆ باشتر گۆڕا. ئەگەر شەڕی داعش و قەیرانەكان نەبوونایە، بێگومان دۆخی وڵاتەكەمان لە هەموو ڕوویەكەوە ئەمڕۆ باشتر دەبوو. كار و دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆ سەدان هەزار كەسی دیكە خێراتر و ئاسانتر دەبوو.
وڵاتان كە تووشی شەڕ و قەیران دەبن، وا بە ئاسانی نایەنەوە سەرخۆ. كاریگەری و دەرهاویشتەی خراپی شەڕ و قەیران، تا ماوەیەكی درێژ، دەمێنن. لێرەش بۆ ئەوەی دۆخەكە بكەوێتەوە سەر ڕێچكەی خۆی، پلان و كار و هەوڵ و ماندووبوونی دەوێت. ئێستا، كە هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی تازەدایە، بەرەو ئایندەیەكی باشتر هەنگاو دەنێت. دڵنیام دۆخی ئابووری باشتر دەبێتەوە، بازاڕ دەگەشێتەوە، دەرفەتی كاریش بۆ گەنجانی كوردستان زیاتر دەبێت. بۆ ئەمەش پێویستیمان بە خۆڕێكخستنەوە و ئامادەكاری هەیە بۆ قۆناغی داهاتوو.
ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو سەلماندوویەتی كە دۆزینەوەی كار، تەنیا ئەركی حكوومەت نییە و كەرتی گشتی ناتوانێت هەموو دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان بخاتە كارەوە. كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت و كۆمەڵگەی مەدەنی، دەتوانن پێكەوە هاوكار و هەماهەنگ بن تاكو زۆرترین دەرفەتی كار دابین بكەن. پێویستە لە هەرێمی كوردستان ئەو سێ كەرتە باشتر پێكەوە هاوكار و هەماهەنگ بن. دەبێ پلان و میكانیزمی هاوبەشیان هەبێت، بۆ ئەوەی هەرسێكیان بە باشترین شێوە، بەشداری لە ڕاستكردنەوەی دۆخەكەدا بكەن.
پێویستە هەرسێ دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و كارگێڕی، پێكەوە كار بكەن. پلان و ڕوانگە و كاری هاوبەشیان هەبێت، بۆ ئەوەی كاروباری كۆمەڵگە لە هەموو بوارەكاندا باشتر بكرێت و وڵات بەرەو پەرەپێدانی زیاتر ببات. خوێندنی پیشەیی لە قۆناغی ئامادەیی و لە زانكۆش، دەبێ گرنگیی زیاتری پێ بدرێت و وەڵامی بازاڕی كار و پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ قۆناغی ئێستا و قۆناغەكانی داهاتوو بداتەوە.
گەنجانی خۆشەویست،
ئێوەش دەبێ سەرەتایەكی تازە لە بیركردنەوە دەست پێبكەن. بیركردنەوەی تازە بكەنە ئەركێكی جددیی خۆتان. دەبێ بیرێكی جددیتر لە كار و داهێنان بكەنەوە. دەبێ كار بكەن و هەوڵ بدەن بۆ هێنانەكایەی بیرۆكەی تازە. بیر لە كێشە و پێداویستییەكانی كۆمەڵگە بكەنەوە. هەوڵ بدەن بزانن چۆن چارەسەر دەكرێن، ئێوە دەتوانن "بیر بكەنەوە" و "بیر بكەنەوە" تا لە ئەنجامدا بتوانن ببنە داهێنەری كارێك بۆ خۆتان و بۆ دەیان گەنجی وەك ئێوە. بیركردنەوە لە چۆنیەتیی دابینكردنی پێداویستییەكان، ماكی داهێنانە.
ڕاستە ئێوەی گەنج، خواست و خەونی گەورەتان هەیە، مافی خۆتانە داواكاری و خەونی گەورەتان هەبێت. مافی خۆتانە ژیانێكی باشتر بژین و پێداویستی و خواستەكانتان فەرهەم بن. بەڵام دەبێ ئەوەتان له بیر بێت كە ڕێگەی زۆر دووریش، بە هەنگاوی یەكەم دەست پێدەكات. ئێوە تازە سەرەتای تەمەنی ژیان و كارتانە. هەرگیز لە بیر نەكەن كە هیچ خەونێك لە شەو و ڕۆژێكدا نابێتە ڕاستی. خەونی پێوە ببینە، ئومێدی لەسەر بنیات بنێ، بەڵام ئەوە دروست نییە لە ڕۆژی یەكەمەوە چاوت لە كارێكی گەورە بێت. نابێ پێت وابێ، دەبێ لە ڕۆژی یەكەمدا پلەیەكی كارگێڕیی گەورەت هەبێت.
ئەمڕۆ، با كارێكی ئاساییت قبووڵ بێت، بە نەرمی و بە سادەیی دەست بە كارێك بكە. ئەركێكی لە ئاستی تەمەن و خوێندن و توانای خۆتدا بگرە ئەستۆ. ڕازیبە بە دەرفەتێك كە ئەمڕۆ بۆ كار دەستت دەكەوێت. هەوڵ بدە و باش لەسەر كارەكەت بوەستە. داهێنانی تێدا بكە، ئەزموون و شارەزایی بە دەست بهێنە، ئینجا دەبینیت چۆن هەنگاو بە هەنگاو بەرەو سەركەوتن و بەدیهێنانی خەونەكانت هەڵدەكشێی. دەبینی چۆن ڕێگەی دوور، هێدی ـ هێدی نزیك دەبێتەوە.
ئەوانەی پەلەیانە و دەیانەوێت لە شەو و ڕۆژێكدا بگەنە هەموو شتێك، ناتوانن سەركەوتوو بن. سەركەوتن بە ئەزموون و تاقیكردنەوەیە. بە كەڵەكەبوونی كەوتن و شكست، بە هەڵسانەوە و بەردەوامییە بۆ سەركەوتن. كات و ماندووبوون و شەونخوونی پێویستە. هەوڵدان و بەرگەگرتن و لەخۆبوردەیی. سەركەوتن و بەڕاستیكردنی خەونەكان، بە فێربوونە لە هەڵەی ڕابردوو. خۆت هەوڵ بدە، بە دوای كاردا بگەڕێ. ئەم كار و ئەو كار تاقیبكەرەوە، تا خۆت لەو كارەدا دەدۆزیتەوە كە دڵنیای تیایدا سەركەوتوو دەبیت.
گەنجانی خۆشەویست..
ئێمە لە هەرێمی كوردستان قۆناغ و ڕۆژگاری زۆر سەخت و ئاڵۆزمان بەڕێكرد، بەڵام بە ئومێدەوە ڕوومان لە ئایندەیەكی باشترە. ئایندەیەك كە ژیانێكی باشتر و دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجانی وەك ئێوە دابین دەكات. ئایندەیەك كە ئێوەی گەنج و نەوەی ئەمڕۆمان، سبەی قسەی یەكلاكەرەوەی تێدا دەكەن. ئەركی بنیاتنان و بەرەوپێشبردن و بەڕێوەبردن و پاراستنی دەكەوێتە ئەستۆی ئێوەی گەنجانی خۆشەویست. بۆیە بە هەر كارێك كە ئەمڕۆ دەستی پێ بكەی، خۆت بۆ ئەو ئایندەیە ئامادە بكە. بزانن كە ئایندەی ئەم وڵاتە لە دەست ئێوەدایە.
دەمەوێ لە كۆتاییدا پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەنجانە بكەم لەم پیشانگەیەدا شانسی دەرفەتێكی كار بە دەست دەهێنن. هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. بۆ ئەوانەش كە ئەمجارە و لێرە شانسی بەدەستهێنانی دەرفەتی كارێكیان نەبێت، با نائومێد نەبن، كۆڵ نەدەن و بە گیانێگی گەنجانەوە بە دوای دەرفەتێكی دیكەی كاردا بگەڕێن. گەیشتن بە خەون و ئامانج، بەردەوامی و كۆڵنەدانە.
سوپاس و پێزانین بۆ هەموو سپۆنسەران و هاوبەشانی ئەم پیشانگەیە لە كۆمپانیا و لایەن و دەزگا و ڕێكخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، كە دەرفەتی كاریان بۆ گەنجانی كوردستان دابین كردووە. سوپاس و پێزانین بۆ وەزارەتی هاریكاریی ئابووری و پەرەپێدانی ئەڵمانی BMZو دەزگای GIZی ئەڵمانی كە بۆ كردنەوەی ئەم پیشانگەیە، هاوكاریی پڕۆژەی ڕوانگە فورەسیان كردووە.
سوپاسی هەموو ئەو هاوكارییانەشیان دەكەم كە لە هەرێمی كوردستاندا لە دوای قەیرانی دارایی و هاتنی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە بۆ هەرێمی كوردستان، دەزگای GIZی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان پێشكەشی كردووە، دەمەوێ سوپاسێكی تایبەتیان بكەم كە لێرەن.
سوپاس بۆ دەزگای ڕوانگە و بۆ هەموو ئەوانەی ڕەنجیان لەم كارەدا كێشاوە. هیوای دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجانی خۆشەویشتی هەرێمی كوردستان و ڕۆژێكی خۆش بۆ ئێوەی بەڕێزیش ئارەزوو دەكەم.
هەمووتان بەخێر بێن.
زۆر سوپاس.
kdp -
