کونسووڵی گشتیی تورکیا: تورکیا پشتیوانیی حکوومەتی نوێی هەرێم دەکات

 کونسووڵی گشتیی تورکیا: تورکیا پشتیوانیی حکوومەتی نوێی هەرێم دەکات
تورکیا پشتیوانی بۆ حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە و جەخت لە بەهێـزیی پەیوەندییەکان و گەشەی ئابووری دەکات، بە گرینگییەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان، دڵخۆشن بەوەی پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمدا بەشدارن.

هاکان کەرەجای، کونسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، ڕاگەیاند: "پشتیوانیی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار، مەسروور بارزانی، دەکەین و، ئومێدی سەرکەوتنی بۆ دەخوازین، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ڕووی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسییەوە پەیوەندییەکی کارا و پتەوە، لە قۆناغی داهاتوودا ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گەشەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوەمان بە بەڕێز، مەسروور بارزانی و کابینەکەی گەیاندووە."

کونسووڵی گشتیی تورکیا گوتی: "بە بەشداریی کارای پێکهاتەی تورکمان لە حکوومەتی هەرێمدا دڵخۆشین، پێدانی پۆستی وزاری بەو پێکهاتانە ئاشتی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا پتەوتر دەکات و هەرێمی کوردستان وەکو چەترێک دەبێت بۆ پێکهاتە جیاوازەکان."

هاکان کەرەجای گوتیشی: "بەردەوام دەبن لە بەرزکردنەوەی ئاستی جموجووڵی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە سێکتەری جیاواز و زیاتر گەشەی پێ دەدەن، هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە دۆست و بازاڕێکی گرینگە بۆ وەبەرهێنان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکەدا."



kdp -
Top