وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا خۆشحاڵی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم دەردەبڕن
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە فەرمی لەلایەن یەکێتییەکەوە بڵاو کراوەتەوە، لە میانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە بڕۆکسێل، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی دەربڕیوە.
هاوکات پێشوازیش لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە و داواش لە هەردوولا کراوە، بەردەوامی بە دیالۆگی دوولایەنەی نێوانیان بدەن، لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا. هەروەها هەردوولا کاری هاوبەش بە مەبەستی بەڕێوەبردن و دابینکردنی ئاسایش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان (جێناکۆکەکان) بکەن.
باسنيوز
