پۆلیسی سلێمانی کارمەندێکی چاڤی لاند دەستگیر دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 15/7/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "دوای ئەوەی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان ئاگادار کرایەوە لەوەی کە کارمەندی یەکێک لە پارکەکانی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە چاڤی لاند بە نیازە ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتییەک ببات، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێ کرد، توانرا تۆمەتبار (ە، ع، ع) دەستگیر بکرێت و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا کە لەجۆری (جێب شیرۆکی)یە، بگیرێت، کە تۆمەتبار ویستبووی بیبات و بە 15 ھەزار دۆلار بیفرۆشێتەوە".
پۆلیسی سلێمانی باس لەوەش دەکات، ئێستا تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە، ئۆتۆمبێلەکەش ڕادەستی خاوەنەکەی کراوەتەوە.
ماوەی حەوت ساڵە پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤی لاند) لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە دروست کراوە و زیاتر لە 10 ھەزار ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستانیش پارەکانیان بە ناوی کڕینی پشکەوە خستووەتە پڕۆژەکەوە، بەڵام پارەیەکی یەکجار کەمیان وەک قازانج پێ دراوە و خاوەن پشکەکان بەردەوام گلەیی ئەوە دەکەن کە شاسوار عەبدولواحید مافە داراییەکانیان دەخوات، لە کاتێکدا زیاتر لە 30 ملیار دیناریان لەنێو پڕۆژەکەدا ھەیە.
باسنيوز
