لە دهۆك وەبەرهێنەرێك لە زیندانە و پێنج وەبەرهێنەریش هەڵاتوون

 لە دهۆك وەبەرهێنەرێك لە زیندانە و پێنج وەبەرهێنەریش هەڵاتوون
لە 40 پرۆژەی نیشتەجێبوون كە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە لە دهۆك دروستكراون، حكومەت تەنیا لە دوو پرۆژەیان رازییە، 20%ی پرۆژەكانیش لەو ماوەیەی بۆ تەواوكردنیان دانرابوو دواكەوتوون. لێژنەیەكیش بۆ ئەو پرۆژانە دروستكراوە كە كێشەیان تێدایە.

سێ‌ مانگ لەمەوبەر بەڕێوەبەرێكی تازە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆك دانرا، هەرزوو لێژنەیەكی پێكهێنا بۆ بەدواداچوونی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون، بە تایبەتی ئەوانەی كێشەیان تێدایە.

كوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند: "40 پرۆژەی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای دهۆك لە رێگەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتیان وەرگرتووە، 80%ی پرۆژەكان تەواو بوون، بەڵام 20%یان كێشەیان تێدایە، زۆربەیان فێڵیان لە بەشداربووانی پرۆژەكە كردووە و پارەیان لێ‌ خواردوون".

كوردۆ ئیحسان دەڵێت دەستیان بە لێكۆڵینەوە لەو پرۆژانە كردووە كە كێشەیان تێدایە، دۆسیەی ئەو وەبەرهێنەرانەی كەمتەرخەمییان لە كارەكانیان كردووە، رەوانەی دادگا كراون، بڕیاری دەستگیركردن بۆ هەندێكیان دەرچووە، تا ئێستا وەبەرهێنەرێك دەستگیر كراوە و پێنج وەبەرهێنەریش هەڵاتوون.

بە گوتەی ئەو، كێشەی زۆربەی ئەو وەبەرهێنەرانە ئەوە بووە كە سەرمایەیەكی ئەوتۆیان نەبووە پرۆژەكانیان جێبەجێ‌ بكەن، بەڵكو بەو قیست و پێشەكییەی لە هاووڵاتیانیان وەرگرتووە، پرۆژەكانیان دروستكردووە. بۆیە كاتێك قەیرانی دارایی دەستیپێكرد و هاووڵاتیان توانای دانی قیستەكانیان نەما، ئەو وەبەرهێنەرانە تووشی كێشە بوون و نەیانتوانی پرۆژەكانیان جێبەجێ‌ بكەن.

بەشێكی زۆر لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون جێی رەزامەندیی هاووڵاتیان نین، وەبەرهێنانیش لێیان رازی نییە. كوردۆ ئیحسان دەڵێت "لەو 40 پرۆژەیەی كە لە دهۆك مۆڵەتیان لە وەبەرهێنان وەرگرتووە، تەنیا دوو پرۆژەیان جێی رەزامەندی ئێمەن، ئەوانیش ئەڤڕۆ ستی و نیو زاخۆن".

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی ئەو پرۆژانەی راگیراون، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆك دەڵێت: "سێ‌ لەو پرۆژانە مۆڵەتەكانیان لە خاوەنەكانیان سەندراوەتەوە و هەوڵدەدەین بیدەین بە وەبەرهێنەری دیكە بۆ ئەوەی تەواویان بكەن. دوو پرۆژەی دیكەش كە لە وەبەرهێنەرەكانیان سەندراوەتەوە، ئێستا وەبەرهێنەری دیكە تەواوی دەكەن".

بۆ ئەوەی ئەو كێشانە دووبارە نەبنەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆك هەندێك رێنمایی تازەی دەركردووە. كوردۆ ئیحسان ئاماژە بە رێنماییەكان دەدات و دەڵێت: "ئەوانەی خانوو لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون دەكڕن، چیدی نابێ‌ راستەوخۆ پارە بدەنە وەبەرهێنەر، بەڵكو وەبەرهێنەر دەبێ‌ حیسابی بانكی هەبێ‌ و پارەكە دەخرێتە سەر ئەو حیسابە، ئێمەش چاودێریی ئەو پارەیە دەكەین كە لە حیسابی وەبەرهێنەرەكە دانراوە و دەبێ‌ بەپێی قۆناغەكانی تەواوكردنی پرۆژەكە پارەكە رابكێشێ‌".

ئەو بەرپرسەی وەبەرهێنان تێبینی لەسەر یاسای وەبەرهێنان هەیە و دەڵێت یاساكە كەموكووڕیی زۆرە، نابێت دوای تەواوبوونی پرۆژە، وەبەرهێنەر بە ئارەزووی خۆی مامەڵە لەگەڵ پرۆژەكەی بكات و پارەی خزمەتگوزاری لە هاوبەشەكانی وەربگرێ‌، بەڵكو دەبێ‌ خزمەتگوزاریی پرۆژەكان بخرێنە سەر وەزارەتی شارەوانی و ئەوان سەرپەرشتی خزمەتگوزارییەكان بكەن.

بەختیار سەبری لە ساڵی 2014 شوقەیەكی لە پێل ستی كڕیوە، تاوەكو ئێستا 70 هەزار دۆلاری داوە، بەڵام هێشتا هەر لە خانووی كرێدایە. بەختیار دەڵێت: "گرێبەستمان لەگەڵ وەبەرهێنەر كردووە، دەبوو لە ساڵی 2016 پرۆژەكە تەواو بكات، بەڵام تا ئێستا تەنیا 15%ی تەواو بووە". بەختیار چەندینجار هانای بۆ لایەنی بەرپرس بردووە، بەڵام هیچ وەڵامێكی دڵخۆشكەری دەستنەكەوتووە.

رەیان حەجی چۆلی، دوو مانگە پرۆژەیەكی تەواونەكراوی نیشتەجێبوونی وەرگرتووە، دەڵێت "ئێمە سەرجەم كێشەكانی پرۆژەكەمان چارەسەر كردووە و بە ماوەیەكی كەم پرۆژەكە تەواو دەكەین، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە خەڵك متمانەی بە وەبەرهێنەر نەماوە، چونكە هەندێك وەبەرهێنەر كێشەی زۆریان بۆ هاووڵاتیان دروستكرد و وایانكرد متمانە لە نێوان هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران نەمێنێ‌".









رووداو
Top